وەزارەتی ناوخۆ: ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن کۆکردنەوەى داهات نییە

کامێرایەکی هاتووچۆ لە شەقامی 120 مەتری هەولێر
کامێرایەکی هاتووچۆ لە شەقامی 120 مەتری هەولێر

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن، کۆکردنەوەى داهات نییە.

لەمبارەیەوە هێمن میرانی، بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگەیاند، ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن، کە لە کۆتایی مانگی 2ـی 2024 جێبەجێ دەکرێت، کۆکردنەوەى داهات نییە، بەڵکو بۆ کەمکردنەوەى سەرپێچییه‌.

هێمن میرانی، هه‌روه‌ها گوتی: "وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریی شۆفێران لەو بارودۆخە تایبەتەى ئێستاى هەرێمی کوردستان، دواى رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی 20%ى سزاکانی رابردوو و ئێستای هاتوچۆ، تاکو 28 ى 2 ى 2024 کە دەکەوێتە سەر شۆفێران، كه‌ ئەوە بژاردەیەکی ئارەزوومەندانەیە، هاووڵاتی ناچار نییە سزاکانی خۆی پاکتاو بکات، وەکو جاران دەتوانێت پێنج ساڵ جارێک بچێت پێبژاردنەکانی پاک بکاتەوە".

لەبارەى بەرژەوەندیی شۆفێران تا زوو هەست بە سەرپێچییەکانیان بکەن و سزا و قەرزیان لەسەر کەڵەکە نەبێت، میرانی گوتی: "بۆ ئەوەى شۆفێران بە وردی و وریاییەوە ئاگادارى سزاکانیان بن، سایتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ، داتاکانی هەر شۆفێرێکی لە ڕووی سزاوە خستووەتەڕوو، کە دەتوانن بزانن چەندە سزایان لەسەرە، بەڵام بەشێکی زۆرى هاووڵاتییان ساڵی جارێک یان دوو جار، یان چەند مانگ جارێک سزاکانیان دەپشکنن".

سایتی هاتووچۆ

دەشڵێت: "هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە، ئەو بڕیارە بۆ کۆکردنەوە داهات نییە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەى داهاتی هاتوچۆش دەبێت، چونکە وا دەکات خەڵک کەمتر سەرپێچی بکەن و زوو ئاگادارى پێبژاردن و پاکتاوکردنەکانیان بن، ئامانجەکە ئەوەیە هاووڵاتی قەرزار نەبێت و پارەى زۆرى نەکەوێتە سەر و کەمتر سەرپێچی بکات".