یاداشتێک لەبارەی هەڵبژاردن لە کەرکووک ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەکرێت

سەربەست مستەفا: هەندێک لایەن دەیانەوێت بەبیانووی دۆخی ئەمنی ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن لە کەرکووک دروست بکەن

سەربەست مستەفا
سەربەست مستەفا

K24 – هەولێر

ژمارەیەک رێکخراو و کەسایەتی یاداشتێک ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەکەن و داوا دەکەن، بە هیچ بیانوویەک هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دوا نەخرێت.

سەربەست مستەفا، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو یاداشتە لەلایەن لەلایەن ژمارەیەک رێکخراوی ناحکومی هەرێمی کوردستان و عێراق نووسراوە، چەند خاڵێک لە خۆدەگرێت یەکێک لە خاڵە گرنگەکانیش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە لە کەرکووک.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی خۆپیشاندانی هەندێک لایەن دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک ئەنجامدرا و پشێوی لە شارەکە دروستبوو، ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە کە جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دوابخرێت، بۆیە لە رێگەی یاداشتێکەوە داوا دەکرێت ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن لە کەرکووک دروست نەکرێت.

سەربەست مستەفا، گوتی: "خاڵە گرنگەکانی یاداشتەکە بریتین لە کێشەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەو یاداشتە لە بەغدا ئاراستەی دامەزروە و کەسایەتییە بڕیار بەدەستەکان دەکرێت".

گوتیشی: "خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە هاوکات لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووکیش بکرێت، چونکە هەموو جار بە هۆکاری سیاسیی جیاجیا هەڵبژاردن لە کەرکووک دوادەخرێت، یەکێک لە هۆکارەکان ترسی هەندێک حزبە لە دەنگەکانیان لە کەرکووک، ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک نایەکسانییە، مادام کەرکووک پارێزگایەکی عێراقییە دەبێ خەڵکەکەی مافی ئەوەیان هەبێت لە رێگەی سندووقی دەنگدان نوێنەرانی خۆیان لە شارەکە هەڵبژێرن و بڕیار لە شێوەی بەڕێوەبردنی ئیدارەی شارەکەیان بدەن".

سەربەست مستەفا، روونیکردەوە: "هەندێک لایەن دەیانەوێت دۆخی ئەمنی بکەنە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە شارەکەدا نەکرێت، بەڵام پێویستە ئاستەنگ دروست نەکەن و هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت".

Fly Erbil Advertisment