ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سهریههڵدایهوه
K24 – هەولێر:
ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، جارێکی دیکە خەریکە قووڵ دەبنەوە و هێشتا کێشەیەکی نێوانیان چارەسەر نەبووە، کێشەیەکی دیکە سەرهەڵدەدات.
رافائێل گرۆسی سکرتێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاشکرایکرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەتی چالاکیی ژمارەیەک لە چاودێرانی ئەو ئاژانسەی نوێ نەکردووەتەوە.
گرۆسی لە راگەیهندراوێکدا ئەم کارەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە توندی ئیدانە کرد و جەختیکردەوە، ئەو چاودێرانەی مۆڵەتەکەیان نوێ نەکراوەتەوە، لە شارەزاترین پسپۆڕەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بوون و زانستێکی بێ وێنەیان لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆمدا هەیە و ماوەیەکی زۆر بوو لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا خەریکی چاودێری بوون.
گرۆسی، ئەم بڕیارەی ئێرانی بە ناپرۆفیشناڵ و یەکلایەنە و چاوەڕواننەکراو زانیوە و جەختی کرودوەتەوە، بڕیارەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر توانای چاودێرییەکانی ئاژانس و راستی نواندنی ئاژانس لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەبێت.
لە بەرانبەردا ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەرکردنی ئەو پسپۆڕانەی، گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەمهریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی ئەندام لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی، هەوڵدەدەن لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی و کۆبوونەوەی لووتکەی ئاژانس بۆ قازانج و بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان کەڵک وەربگرن.
کەنعانی جەختیشی کردەوە، بڕیارەکەی ئێران بڕیارێکی یاسایی و بە گوێرەی مافی سەروەریی ئێرانە، کە لە ماددەی نوێی رێککەوتننامەی چاودێری نێوان ئێران و ئاژانسدا ئاماژەی پێکراوە.
لە رۆژانی رابردوودا ئەمهریکا و سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی ئەندام لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی و هەروەها وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و چەندین وڵاتی دیکەی جیهان بەهۆی هاوکاری نەکردنی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، رەخنەیان لەم وڵاتە گرتبوو و هۆشدارییان دابوو ئەگەر ئێران لە هاوکارینەکردنی بەردەوام بێت، ئەوا بڕیارنامەی ئەنجوومەنی لووتکەی ئاژانس لە دژی ئێران پەسند دەکەن.