رۆمیۆ هەکاری: پێویستە بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی بودجە هەموار بکرێنەوە

رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین

K24 – هەولێر:

سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، رادەگەیەنێت، سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گرنگ بوو، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، دەبێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە.

رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24؛ رایگەیاند، ئ ئەم گفتوگۆیانەی نێوان شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامێکی باشی دەبێت بۆ کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، "دەتوانم بڵێم 90%ـی کێشەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان چارەسەر کراوە".

هەروەها راشیگەیاند، ئەنجامی سەردانەکەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرێنی بوو، هاوکات دەبێت نوێنەرانی کورد بەغدا لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێت نوێنەرانی کورد لە بەغدا چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە.

سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، ئاماژەی بەوەدا، ئێمە ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، لە ماوەی رابردووشد چەندین جار رێککەوتن کراوە بەڵام وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، بۆیە دەبێت رێککەوتنی ئەو جارە سەرتاسەری بێت و ئەو کێشانە کۆتایی پێ بهێنێت.

ناوبراو دەشڵێت: پێویستە بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی بودجە هەموار بکرێنەوە.

رۆمیۆ هەکاری، گوتیشی: وەک پێکهاتەکان پێمان باشە یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و گۆڕانکاری لە هەندێک و بڕگە و ماددەکانی بکرێت بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت، هەروەها پشتگیری لە چارەسەرکردنی کێشەکان نیوان هەولێر و بەغدا دەکەین.

ئەمڕۆ شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو لایەنە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەم شێوازەی بودجە، نەک بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکوو بۆ تەواوی عێراق ناگونجێت، چونکە تاکوو ئێستا هیچ پڕۆژەیەک لەسەر بودجە جێبەجێنەکراوە. ئەوەشی خستەڕوو، چەند وەزارەتێکی حکومەتی عێراقیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی پێویستە چەند ماددەیەکی بودجە گۆڕانکاریان بەسەردا بکرێت و راستبکرێنەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق؛ ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کێشە گەورەیەی کە لەسەر بودجە بۆ هەرێم پەیدا بووە پێویستە لە زووترین کاتدا چارەسەربکرێت، لەوانە پشکی بودجەی نەفەقاتی فیعلییە بەڕاستی ئەوە ناگونجێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەسەر ئەو نەفەقاتی فیعلییە زیانمەند بوونە، بەهۆی ئەوەی کە لە دەسەڵاتی سەرۆکی دارایی کە دەڵێت "چەند داهات هەبێت دەوانرێت تەنیا ئەوەندە خەرج بکرێت" ئەو نەفەقاتە فیعلییە رێگە بە وەزیری دارایی عێراق دەدات بە میزاجی کەسی خۆی مامەڵەی بە داهات بکات.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەردانی به‌غدای کرد.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئەنجامی سه‌ردانەکەی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوە کرد، سه‌ردانەکەیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دوو پێشنیازیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستووه‌ته‌ڕوو؛ یه‌كێكیان درێژخایه‌ن‌ و ئه‌وی دیکەشیان كورتخایه‌نه‌.

Fly Erbil Advertisment