كەنعانی: وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق درێژ ناكرێتەوە

كەنعانی: عێراق بەشێك لەرێككەوتنەكەی لەسەر سنوور جێبەجێكردووە

ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران
ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، سبەی وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق تەواو دەبێ و وادەكە درێژ ناكەنەوە.

ئەمرۆ دووشەممە 18ـی ئه‌یلوولی 2023، ناسر كەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا ئاشكرایكرد، له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ بەشێك لە رێككەوتنە ئەمنییەكەی تایبه‌ت به‌ پاراستنی سنوورەكان جێبەجێكراوە.

كەنعانی گوتیشی: دوا وادەی رێككەوتنەكە سبەی سێشەممەیە و ئێران بەھیچ شێوەیەك ئەو وادەیە درێژناكاتەوە.

ئاسایشی سنوور یەکێکە لەو پرسانەی کە ئێران زۆرترین پێداگری لەسەر دەکاتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێشتر بۆردومانی کردووە.

رۆژی 19ـی ئاداری 2023، عێراق و ئێران له‌میانه‌ی سه‌ردانی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆكرد، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ماهه‌نگی لە رووی پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات.