وه‌زیری به‌رگری رووسیا گه‌یشته‌ تاران

سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا
سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا

K24 – هەولێر:

بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كانی نێوان تاران و مۆسكۆ، له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانێك فه‌رمی، سێرگی شویگۆ وه‌زیری به‌رگری رووسیا گه‌یشته‌ ئێران.

به‌رده‌وام تاران به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت، به‌وه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ده‌داته‌ مۆسكۆ، كه‌ له‌ ئۆكرانیا به‌كاری ده‌هێنێت.

وه‌زیری به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ تاران بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانه‌ له‌ بواری سه‌ربازی، جیا له‌وه‌ی وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی په‌ره‌پێدانی هاریكارییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاته‌.( هه‌روه‌ك میدیا فه‌رمییه‌كانی رووسیا باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن).

لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە شوباتی ساڵی رابردوو، ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام ئێرانیان بە یارمەتیدانی رووسیا تۆمەتبارکردووە.

بەگوێرەی زانیارییه‌كانی میدیا جیهانییه‌كان، ئێران زیاتر لە 10 جۆر درۆنی هەیە، کە پێكهاتوون له‌ درۆنی چاودێری، هێرش و بۆمبڕێژکراو، تائێستا ژمارەی درۆنە ئێرانییەکان ئاشکرا نەکراوە.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمه‌ریکا، ئێران دوو هەزار و 400 درۆنی بۆ رووسیا دابینکردووە، کە ئەوانیش شاهید-136، کاماکازی و موهاجیر-6ـن، رووسیا بۆ مەبەستی هێرشکردنه‌ سه‌ر ئۆکرانیا بەکاریهێناون.