بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان: سێ تۆمەتباری مەترسیدارمان لە هەولێر دەستگیرکرد

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکردنی سێ ئەندامی تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، بە بڕێک ماددەی هۆشبەرەوە لە هەولێر راگەیاند.

رۆژی سێشەممە (19ـی ئەیلوولی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری ئاسایش لەسەر تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و کەرکووک توانیان سێ تۆمەتباری مەترسیدار لە شاری هەولێر دەستگیر بکەن، کەپێشینەی تاوانیان هەیە و کاری کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە چالاکییەکەدا، بڕی یەک کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ و تریاک و جامایکا لەگەڵ بڕێک پارەی ساختەو ژمارەی ئۆتۆمۆبیلی ساختە لەگەڵ رومانەیەک و چەند چەکێکی جۆراوجۆر، دەستی بەسەردا گیرا. تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوەو رووبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.