جۆ بایدن: هه‌مووان له جیهاندا ده‌بێت به مافه‌كانیان بگه‌ن
K24 - هەولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، جیهان له قۆناغێكی نوێدایه، بۆیه دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پێویستیان به ریفۆرم و نوێبوونه‌وه هه‌یه، ده‌شڵێت له‌م سه‌ده‌یه‌دا ده‌بێت هه‌مووان به مافه‌كانیان بگه‌ن و سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تیش پێویسته ده‌نگ و نه‌ته‌وه‌ی نوێ له‌خۆبگرێت.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 19ـی ئه‌یلوولی 2023) جۆ بایدن، سه‌رۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا له‌میانی به‌شداریكردنی له كۆبوونه‌وه‌ی 78ـه‌مینی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیویۆرك رایگه‌یاند، دوای په‌نجا ساڵ له جه‌نگی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڤێتنام، كه جێی پرسیاره ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و جه‌نگ و خوێنڕشتنه له پای چی؟ بڕیاریان داوه ده‌ست به ئاشتییه‌وه بگرن و هه‌نگاوی گه‌وره بۆ هاریكاری ئاشتی بنێن.
سه‌رۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، مێژوو پێویستی به سه‌ركرده‌ی دیكتاتۆر نییه، به‌ڵكوو پێویستی به سه‌ركرده‌ی زیره‌ك و وریایه. گوتیشی، ده‌كرێت دوژمنایه‌تی و نه‌یاره‌تی هه‌بێت، به‌ڵام ده‌كرێت هاوبه‌شیش له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌بێت، به‌و مانایه‌ی ده‌كرێت ئاڵنگارییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت و برینه‌كانی شه‌ڕ و جه‌نگ سارێژ ببن.
سه‌رۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا له به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا باسی له‌وه كرد، له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو جیهان پێویستی به یه‌كدی هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت هه‌مووان خۆ له شه‌ڕ و جه‌نگ و ئاشووب به‌دوور بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كان رووبه‌ڕووی برسیه‌تی و نه‌هامه‌تی نه‌بنه‌وه.
جۆ بایدن تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، خۆ به‌دوور گرتن له جه‌نگ و ئاشووب، زه‌مینه‌یه‌ك بۆ كارسازان ده‌ڕه‌خسێت كاری وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، به‌مه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ كرێكاره‌كان ده‌ڕه‌خسێت بۆ ئه‌وه‌ی كار بكه‌ن و ژیانی خۆیان بكه‌ن.
سه‌رۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كه 55 وڵاتی جیهان توانیویانه به هاوبه‌شی 25 ملیۆن مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی له نه‌خۆشییه‌كان به‌تایبه‌ت له مه‌لاریا و سوورێژه بپارێزن، كه ئه‌مه‌ش به‌ڵگه له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی كاری هاوبه‌ش.
بایدن جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی و دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هاوكات له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كان، پێویستیان به ریفۆرم و كرانه‌وه و ئه‌دای باشتر هه‌یه. گوتیشی، ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی جارێكی دیكه فۆرمێكی نوێ وه‌ربگرێ و خۆی له‌گه‌ڵ كه‌تواری نوێی جیهان بگونجێنێت، نه‌خاسمه به‌هۆی جیاوازی ئاڵنگارییه‌كان ده‌بێت سه‌ركرده‌كانیش جیاواز و لێوه‌شاوه‌تر بن.
سه‌رۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیشی كرده‌وه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا ده‌بێت هه‌مووان له جیهاندا به مافه‌كانیان بگه‌ن. به پێویستیشی زانی له‌م سه‌ده‌یه‌دا هه‌مووان پابه‌ندی بنه‌ماكان بن. گوتیشی، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌م قۆناغه‌دا پێویستی به ریفۆرم و فراوانبوون هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌نگی نوێ و نه‌ته‌وه‌ی نوێ له‌خۆبگرێت.
جۆ بایدن هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پارێزگاری له دیموكراسی ده‌كات و پابه‌ندی بنهماكانیهتی. گوتیشی، دیموكراسی ده‌رمانی سه‌ره‌كییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ئاریشه‌كان و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی چاسهرییهكانه له‌سه‌ر ئاسته جیاجیاكانی جیهاندا.