ئیلۆن مه‌سك: له‌به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو)، ره‌نگه بڕێك پاره وه‌ربگیرێت
K24 - هه‌ولێر:
ئیلۆن مه‌سك رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) تویته‌ری پێشوو به‌كار ده‌هێنن، ره‌نگه له داهاتوودا مانگانه بڕێك پاره له به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی بده‌ن.
له گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، ئیلۆن مه‌سك خاوه‌نی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) تویته‌ری پێشوو رایگه‌یاند، پێدانی پاره له‌به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی پێگه‌ی (ئێكس) تویته‌ری پێشوو، هه‌نگاوێكه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ژماره ساخته‌كان، كه به شێوه‌یه‌كی رۆبۆتی به‌كار ده‌هێندرێن.
له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری ئێكس رایگه‌یاند، ئاماده‌كاری بۆ وه‌رگرتنی بڕێك پاره‌ی مانگانه له به‌كارهێنه‌رانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) ده‌كه‌ین.
تا ئێستا ئه‌وه روون نه‌كراوه‌ته‌وه، كه قسه‌كانی مه‌سك له داهاتوودا ده‌بنه جددی یاخوود ده‌بێته قسه‌ی نێو سۆشیال میدیایە.
له كۆتایی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو، ملیاردێری ئه‌مه‌ریكی ئیلۆن مه‌سك، له‌به‌رامبه‌ر پێدانی 44 ملیار دۆلار، بووه خاوه‌نی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) تویته‌ری پێشوو و ده‌ستیكرد به ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵێك چاكسازی و گۆڕانكاری، كه زۆربه‌یان بووه‌ته جێی گله‌یی به‌كارهێنه‌رانی تویته‌ر.