رووسیا: دەستبەجێ خوێنڕشتن لە قەرەباغ رابگرن

K24 - هەولێر
رووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە داوای "کۆتایی دەستبەجێی خوێنڕشتن" لە ناگۆرنۆ قەرەباغ کرد، کە ناوچەیەکی جوداخوازی ئازەربایجانییە و زۆرینەی ئەرمەنییەکان تێیدا نیشتەجێن، کە هێزەکانی باکۆ رۆژی سێشەممە هێرشێکی بەرفراوانیان لە دژی دەستپێکرد بە ئامانجی دەرهێنانی تەواوەتی لەژێر دەستی ئەرمەنەکان.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە ناگۆرنۆ قەرەباغ، داوا لە لایەنەکانی ململانێ دەکەین دەستبەجێ خوێنڕشتنەکە رابگرن و کۆتایی بە دوژمنایەتییەکان بهێنن.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا رووسیا جەختی لە گەڕانەوە بۆ ئەو رێککەوتنانە کردووەتەوە کە لە ساڵی 2020 دانوستاندنیان لەسەر کراوە، کە خۆی نێوەندگیری لەنێوان هەردوولا کردووە.
دوێنێ سێشەممە 19/9/2023، ئازەربایجان هێرشێکی سەربازیی لە ناگۆرنۆ قەرەباغ دەستپێکرد، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە دوایین جەنگ لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا هات، داوای خۆ رادەستکردنەوەی تەواو و بێ مەرجی ئەرمەنەکانی کرد.
جوداخوازەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئازەربایجان 27 کەس کوژراون کە دوو کەسیان مەدەنی بوون و زیاتر لە دوو سەد کەسیش بریندار بوون، هەروەها نزیکەی 7 هەزار کەس، 16 گوندیان چۆڵکردووە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا، ئیدانەی دەستدرێژییە بەرفراوانەکەی ئازەربایجانی کرد و گوتی: ئەمە ئەنجامدانی پاکتاوی نەتەوەییە. جەختی لەوە کردەوە کە هیچ هێزێک لە ناوچەکەدا جێگیر ناکات و جوداخوازەکان بە تەنیا شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئازەربایجان دەکەن .