سەرۆک بارزانی: گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەیان لە بەهێزكردنی نیشتمانپەروەری هەبووە

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 – هەولێر:

بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و سێ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە، سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەکات.

رۆژی پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، "ئامانجی سەرەكیی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە لایەن بارزانیی نەمر لە 21ی ئەیلوولی 1970 دووپاتكردنەوەی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان و قووڵكردنەوەی بنەماكانی دینداری و خواناسی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بوو".

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، بە درێژایی مێژووی گەلەكەمان مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەیان لە بەهێزكردنی نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری و ڕێگەگرتن لە بیری توندڕۆیی و تاییفەگەریدا هەبووە.

لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە، ئەو چاوەڕوانییە لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی هەیە كە وەك هەمیشە لەو ڕۆڵە پیرۆزەیاندا بەردەوام بن و، ڕێنیشاندەری هەموو لایەكمان بن. لە ساڵیادی ئەو بۆنە مێژووییەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و سێ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.

ئامانجی سەرەكیی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە لایەن بارزانیی نەمر لە 21ی ئەیلوولی 1970 دووپاتكردنەوەی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان و قووڵكردنەوەی بنەماكانی دینداری و خواناسی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بوو. بە درێژایی مێژووی گەلەكەمان مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەیان لە بەهێزكردنی نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری و ڕێگەگرتن لە بیری توندڕۆیی و تاییفەگەریدا هەبووە.

ئەو چاوەڕوانییە لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی هەیە كە وەك هەمیشە لەو ڕۆڵە پیرۆزەیاندا بەردەوام بن و، ڕێنیشاندەری هەموو لایەكمان بن. لە ساڵیادی ئەو بۆنە مێژووییەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.

خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.

مسعود بارزانی

21ی ئەیلوولی 2023