مایڵز کاگینز: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پابەندە بە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا دەیەوێت هێزەکانی پێشمەرگە هەیکەلێکی پێشکەوتووی هەبێت، لەبارەی وەزیری پێشمەرگە، مایڵز کاگینز ئاماژەی بەوەدا، "وەزیری پێشمەرگە دەبێت کەسێک بێت هاوسەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان بپارێزێت و بۆ دابینکردنی کەرستەی باش بۆ پێشمەرگەکان کاربکات". هاوکات دەشڵێت: پێشمەرگە پێویستی بە چەک و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی سەربازی هەیە.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کۆبوونەوەیەکی گرنگی هەبووە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە زۆرترین قسەی لەسەر کراوە، لەماوەی سێ ساڵی رابردووشدا زۆرترین قسە لەسەر ئەو پرسە کراوە، هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر پابەندە بەم چاکسازییەوە.
هاوکات راشیگەیاند، روونە سەرکردە سەربازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە دەیانەوێت پێکەوە کاربکەن، بۆ ئەوەی یەکگرتووی سیاسیش هەبێت پێویستە حزبەکان دەستوەردان نەکەن لە کاروباری سەربازی و وەزارەتی پێشمەرگە.
گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئاماژەی بەوەدا، گرنگە کەسێک بۆ وەزیری پێشمەرگە دابنرێت و لەسەر ئاستی باڵا هێزی پێشمەرگە یەکتر بگرێتەوە، هەروەها پێشمەرگە شانازیە بۆ کوردستان و ناوبانگی هەموو جیهانی گرتووەتەوە، بەڵام پێویستی بە چەک، تەکنەلۆجۆیای سەربازی نوێ، راهێنانی پێشکەوتوو و مۆدێرن هەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ قارەمانیەتییەکەی یەکبگرێتەوە، بینیمان بەرامبەر بە داعش چ شەڕێکیان کرد.
مایڵز کاگینز، دەڵێت: ئەمەریکا دەیەوێت سیستمی پێشکەوتوو بداتە پێشمەرگە، سیستەمی سەربازی زۆر پێشکەوتوو، پێشتر چەکی بە پێشمەرگە داوە، بەڵام دەیەوێت سیستەمی تەکنەلۆجیای سەربازی و سیستەمێک بۆ دۆزینەوەی درۆنەکان و لەناوبردنیان بداتە پێشمەرگە، بۆ ئەوەی بتوانن بەتەواوی رووبەڕووی هەڕەشەکان ببنەوە.
گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەوەشی خستەڕوو، سەرکردەکان لە واشنتن پێداگری دەکەن لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، مەرجی بەردەوامی هاوکاری سەربازیان بۆ پێشمەرگە تەنیا ئەوەیە دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە یەک بگرنەوە، "هەروەها زۆر گرنگە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هەموو سەرکردەکان وزەی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت".
مایڵز کاگینز، گوتی: لە پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئێمە هەندێک بەرەوپێشچوونی باشمان بینیوە، بۆ نموونە دوو لیوای پێشمەرگە یەکخراوەتەوە کە ئەمەش گونجاوییەک دروستدەکات بۆ ئەوەی بچنە قۆناغێکی دیکەوە، ئەم سیستەمە کۆنەی کە وەزارەتی پێشمەرگە هەیەتی دابەش کراوە بۆ هەشت بەش، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیانەوێت کاری لەسەر بکەن سیستەمێکی نوێ و سەردەمیانەیە، هەروەها ئەمەریکا دەیەوێت بە شێوەیەک هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە دابنرێت کە زۆر سەردەمیانە بێت.
گوتیشی:"وەزیری پێشمەرگە پێویستە کەسێک بێت لە دڵ و بیریدا ویستی خاوەنی بچووکترین پلەی پێشمەرگەی هەبێت، هەروەها دەبێت شەڕ لەپێناو مووچەی پێشمەرگە بکات تا پێشمەرگەکان بتوانن خێزانەکانیان بەخێوبکەن، پێویستە شەڕ بۆ بودجە بکات، تا پێشمەرگە باشترین کەلوپەلی هەبێت، هەروەها وەزیرەکە دەبێت کەسێک بێت بتوانێت هاوسەنگی بپارێزێت و بە باشی کار لەگەڵ لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بکات، دەکرێت وەزیری پێشمەرگە پیاوبێت یان ئافرەت بێت، بەڵام دەبێت دڵی جەنگاوەرانی پێشمەرگەی هەبێت، هەروەها بیری پارێزگاریکردنی لە پێشمەرگەکان و خێزانەکانی هەبێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
له کۆبوونەوەکەدا کە مارک سترۆ کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسهی چاکسازی له وهزارهتی پێشمهرگه و هەنگاوەکانی یهکخستنهوهی هێزەکانی پێشمهرگه و ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانی. لهمبارهیهوه سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون و خێراکردنی پرۆسەکە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حزبی و بەرژەوەندییەکی کەسیی کردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەو دەنگۆیانە دا کە گوایە کێشە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و گوتی پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و رێگری لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک کە توانای جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا دەربارەی بارودۆخی سوریا و بە تایبەتی ئاڵۆزییەکانی دەڤەری دێرئەززۆر و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و تەبایی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ناوچەکە.