لوکاشێنکۆ: رۆژئاوا ئۆکرانیایان پشتگوێخستووە
K24 – هەولێر:
سەرۆکی بێلارووس رایگەیاند، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیایان پشتگوێ خستووە و سەرۆکی ئۆکرانیاش روونیکردووەتەوە، کە چیتر پشتیوانی و دەستخۆشی لە وڵاتەکەی ناکرێت.
رۆژی هەینی (22ـی ئەیلوولی 2023)، ئەلیکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلارووس ئاماژەی بەوەکرد، سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێوان ئۆکرانیا و پۆڵەندا نیشانەی ئەوەن وڵاتانی دەرەکی گرنگی بە پۆڵەندا دەدەن و ئۆکرانیا پشتگوێ دەخەن.
ئەلیکساندەر لوکاشێنکۆ گوتیشی، "پۆڵەندا دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکرانیا کرد و لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەوەی پیشاندا چی دیکە پشتیوانی و دەستخۆشی لێناکرێت و هیچ کەسێک پێویستی بەو نییە".
هەروەها سەرۆکی بێلارووس ئاماژەی بەوەشکردووە، "بێ هۆکار نییە کە ئێستا پۆڵەندا فشار لە ئۆکرانیا دەکات، لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە ئاماژەی پێدراوە زێلێنسکی پشتگوێبخەن، ئەوان لێی بێزاربوونە".
لوکاشێنکۆ گوتیشی، هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا نزیکبوونەتەوە و کەس گرنگی بە ئۆکرانیا نادات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پێشوازی لە ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسكی، سهرۆكی ئۆكرانیا کرد و رایگەیاند، ههفتهی داهاتوو یهكهم زرێپۆشی ئهبرامزی ئهمهریكی دهگاته ئۆكرانیا.
لەلایەن خۆیەوە ئەندرێی دودا، سەرۆکی پۆڵەندا رایگەیاند، ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکرانیا لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە نابێت جەختیشی کردەوە، پرسەکە تایبەتە بەو دوو وڵاتە و پێویستە لەنێوان خۆیاندا چارەسەری بکەن هەروەها کاریگەريی لەسەر پەیوەندییەکانیان نابێت.
ئەندرێی دودا گوتیشی، "بڕواناکەم ناکۆکییەکی سیاسی و یاسایی بتوانێت دەستکەوتەکان بسڕێتەوە، دڵنیام ناکۆکییەکانی سەبارەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی پۆڵەندا بەشێکی بچووكه لە تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەمان و ئۆکرانیا".
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.