ئەشواق جاف: نابێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەماشاکار بێت لە برسیکردنی خەڵکی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند: دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی هەبێت لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و نابێ تەماشاکار بێت لە برسیکردنی خەڵکی کوردستان.

لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 ئەشواق جاف، گوتی: "لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و کاتی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە عێراق، لایەنە سیاسییەکان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا، بەڵام بەداخەوە لە دوای 2010 تا 2014 فشارەکانیانی دژی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، ئەمەش پەیوەندی بە عەقڵیەتی ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراقەوە هەیە کە تائێستا باوەڕیان بە مافەکانی میللەتی کورد نییە، راستە لە دەستووری عێراق ئاماژە بە مافی گەلی کورد کراوە، بەڵام لە راستیدا کاری پێ نەکراوە، لە هەموو کابینەکانی حکومەتی عێراق جێگیر دەکرێن، بەڵام دواتر پەشیمان دەبنەوە".

سەبارەت بە یەكریزی ماڵی کورد لە بەغدا، ئەشواق جاف دەڵێت: "تا کۆتایی خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق کورد یەکدەنگ و یەكڕیز بوو، بەڵام هەندێک لایەن بۆ تەواوکردنی پلانەکانیان، لەلایەک کارتی فشاریان دروست دەکرد، یەکێک لەوانە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140، کە بودجەی بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە کەمکردەوە، هاوکات گرفتیان بۆ شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە دروست دەکرد، کە بەپێی دەستوور هێزێکی دان پێدانراوە و مافی هەیە، دواتر قوتی خەڵکی کوردستانیان بڕی، تا ئێستاش هەر فشارەکانیان زیاتر کردووە، هەروەها کاریان لەسەر ئەوە کردووە درز بخەنە نێو ماڵی کورد، ئەوەشیان کرد، بەداخەوە کورد بەهۆی ئەو پلانەنانەی لە دژی جێبەجێکرا یەکڕیز و یەکدەنگ نەبوون، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ لایەنەکانی دیکە کە بەهێزتربن لە پێنەدانی مافەکانی کورد".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ئەوە بوو کە متمانەی خەڵکی کوردستان بە دەست بهێنن، بەڵام خەڵکی کوردستان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و شکستیان بە پلانەکان هێنا".

لەبارەی فشارەکانی ئێستای بەغدا دژی هەرێمی کوردستان، ئەشواق جاف، گوتی: "بە بۆچوونی من ئەوەی ئێستا روودەدات دابەشکردنی رۆڵەکانە لەلایەن هەندێک لایەنی نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دژی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەوە نەبێ چۆن دەبێت لایەنێک رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ کردبێت و پەرلەمانتارەکانی لەناو پەرلەمانی عێراق دژی مافەکانی کوردستان بوەستنەوە، بۆیە دەبێ کوردیش یەکڕیز و یەکدەنگ بن، چونکە ئێستا ئەوە روون بووەوە خەڵکانێک لە عێراق هەن دژی مافەکانی خەڵکی کوردستان و دەستوورن، بەڵگەوە لۆبیان بۆ ئەوە دەکرد کە وەزارەتی دارایی عێراق مافی ئەوەی نییە پارە بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا بەپێی یاسا رێپێدراوە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام ئەوان لۆبی سیاسیی و جەماوەریان لە دژ دەکرد".

جەختیکردەوە: "کورد پێویستی بە یەکڕیزی و یەکدەنگی هەیە، دەبێ لەو قۆناغەدا دەبێ لۆبییەکی دیپلۆماسی بکەین و ئەو وڵاتانەی کە پێیان دەگوترێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کردار هەڵوێستیان هەبێت، راستە ناتوانن راستەوخۆ دەست لەکاروباری عێراق وەردەن، بەڵام دەتوانن ناڕاستەوخۆ کاریگەریان هەبێت لەسەر سیاسەتی عێراق، چونکە بەرژەوەندییەکانیان لە عێراقە و لە سەقامگیری عێراق لە بەرژەوەندی ئەوان دایە، لە هەمانکاتدا نابێ تەماشاکار بێت لە برسیکردنی خەڵکی کوردستان، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت هەوڵە بۆ برسیکردنی خەڵکی کوردستان و شکاندنی شکۆی هەرێمی کوردستان، کە ئەمە قبوڵ ناکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "محەممەد شیاع سوودانی هەوڵدەدات کێشەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکات، بەڵام هەموو دەسەڵاتێکی نییە چونکە ئەو بەشێکە لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەگەر خۆی بڕیار بدات لە چوارچێوەی دەستوور دەیدات، بەڵام ئایا رێگەی پێدەدرێت؟، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام باوەڕناکەم رێگە بە سوودانی بدرێت، بە بۆچوونی من رەزامەندی دانی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادەسازییەک بوو بۆ سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا بۆ ئەوەی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن کێشەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر کردووە، بەپێی ئەو پڕۆژەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراقی داوە، دەبێ لە قۆناغی داهاتوودا مووچەی سێ مانگی دیکەش بنێرن".

Fly Erbil Advertisment