بەهۆی نەخۆشییەکی ئاژەڵانەوە زیانی 540 ملیار دینار بە خاوەن ئاژەڵەکان کەوتووە

K24 - هەولێر

فەرمانگەی ڤێتێرنەری ئاشکرایکرد، کۆى زیانە داراییەکانى بەخێوکەرانى ئاژەڵ، بەهۆى نەخۆشیى دەست و پێ و دەمەوە لە ساڵى رابردووەوە تا ئێستا گەیشتووەتە 540 ملیار دینار، ئەوەش بەهۆى دابین نەکردنى ڤاکسینەکانە تا ئێستا، هەروەها هۆشداریش دەدرێت لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا.

سائیر سەبری حوسێن، بەڕێوەبەری بەشی پەتای سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند: کۆی ئەو ئاژەڵانەی لە ساڵی رابردووەوە لە کاتی دەرکەوتنی نەخۆشییەکەوە کە تووشبوون گەیشتووەتە پێنج هەزار و 982 ئاژەڵ، لەو ژمارەیەدا 515 ئاژەڵ لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە پارێزگاکانی بەغدا و نەینەوا بەهۆی نەخۆشیەکەوە مرداربوون، ژمارەیەکی زۆر مانگا و ئاژەڵیش توشی نەخۆشییەکە بوون.

ئاشکراشیکرد، لە ساڵی رابردووەوە، بەهای ئەو زیانە ماددیانەی کە بەسەر ئاژەڵدارەکان و ئابووری وڵاتدا هاتووە، تا ئێستا گەیشتووەتە 540 ملیار دینار، ئەمەش لە ئەنجامی دابین نەکردنی ڤاکسینەکانی تایبەت بەو نەخۆشیەیە، کە وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیار بوو بۆیان دابین بکات، پێش ئەوەی نەخۆشییەکە زیاتر بڵاو ببێتەوە. بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن ئەوانەوە نەدراوەتەوە، هۆشداریش دەدات لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا.

بەرپرسەکەی ڤێتێرنەری باسی لەوەشکرد، نەخۆشی دەم دەست و پێ، کە نەخۆشییەکی ئیندێمیکە لە عێراق، بە خێرایی لە نێوان گامێش، مانگا، مەڕ و بزندا دەگوازرێتەوە و کاریگەرییە ئابوورییەکەی وێرانکەرە، بەهۆی بەرزی رێژەی مردنی ئاژەڵە تازەلەدایکبووەکان لە رێگەی دەردانی لیکەوە بڵاودەبێتەوە، هەروەها لە رێگەی هەوای پیسبوو بە ڤایرۆسەکە و تێکەڵکردنی کرێکاران و جووتیاران لەگەڵ ئاژەڵی توشبوو، بۆیە پێویستە بۆ خۆپاراستن ساڵانە دووجار کوتانی وەرزی ئەنجامبدرێت، لە هەمان کاتدا نەخۆشییەکە مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ نییە، لەکاتی خواردنی گۆشتی کوڵاوی ئاژەڵە تووشبووەکان.

Fly Erbil Advertisment