ئازاد جندیانی: لە ریفراندۆمدا بە رێبەرایەتی سەرۆک بارزانی مێژوویەکی جیاوازمان دروستکرد

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار
ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار

K24 – هەولێر:

سیاسەتمەدارێكی کورد رایدەگەیەنێت، ئێمە لە ریفراندۆمدا مێژوویەکی جیاوازمان دروستکرد و بەخۆشحاڵییەوە سەرۆک بارزانی رێبەرایەتی ئەو رەوتەی کرد.

بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەشەمین ساڵیادی ریفراندۆم پانێڵێکی ساز کرد و ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار، یەکێک بوو لە بەشداربووانی پانێڵەکە و رایگەیاند، ئێمە ریفراندۆممان کرد بۆ ئەوەی مێژوویەکی جیاواز دروست بکەین و بەخۆشحاڵییەوە سەرۆک بارزانی رێبەریاتی ئەو رەوتەی کرد، هەروەها رێبەرایەتی ئەو ئاراستەیەی کرد لەناو بزووتنەوەی کوردایەتیدا.

هاوکات راشیگەیاند، ئەنجامدانی ریفراندۆم دروستکردنی مێژوویەکی ئەرێنی بوو بۆ ئێمە، لەبارەی عێراقیش دەڵێت: "عێراق دەوڵەتی نەتەوەی عەرەبە و هی کورد نییە، دەوڵەتێکی دیموکراسی و مافی هاووڵاتییبوونی تێدا نییە".

ئەو سیاسەمەدارە باسی لەوەشکرد، "عێراق دەیەوێت بە ئێمە بڵێت حەتمیەتی مێژوو ئەوەیە تۆ دەبێت لەژێردەستی عەرەب دابیت، کۆمەڵێکیش بەڵگەت بۆ دەهێننەوە لەسەر ئەو قسەیە، بەڵام ئێمە ئەو مێژووەمان پێچەوانە کردەوە".

ئازاد جندیانی، ئاماژەی بەوەدا، ریفراندۆمی ئێمە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، "کارێک بوو پێچەوانە بوو لەگەڵ ئەو مێژوویەی کە عەرەب بە حەتیمیەتی مێژووی دەزانێت کە ئێمە ژێردەستەی ئەوان بین"، هەروەها گوتیشی: "ئێمە لە ریفراندۆمدا مێژووەیەکی پێچەوانەمان دروستکرد و مێژوویەکمان بە ئیرادەی خۆمان دروستکرد، هەروەها مێژوویەکمان دروستکرد کە پێمانوایە رەتکردنەوەی ئەو مێژوویەی کە داگیرکەرانی کوردستان دەڵین، ئێوە قەدەرتان وایە کە بەو شێوەیە ژێردەستە بن و دەبێت پێی رازیبن".

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئێمە لە ریفراندۆمدا بە عەرەبمان گوت، "نەخێر ژێردەستەیی قەدەری ئێمە نییە و پێی رازی نابین"،  هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو نەتەوەیەک قەدەرێکی جوانتری هەیە ئەگەر بێت و خۆی بیەوێت دروستی بکات.

ئەو سیاسەمەدارە، ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە ریفراندۆمدا بە رێبەرایەتی سەرۆک بارزانی مێژوویەکی نوێمان دروستکرد.

شەش ساڵ لەمەوبەر 25/9/2017، ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، سێ ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشداریان لەو راپرسیەدا کرد، کە دەکاتە زیاتر لە 72%، لە ریفراندۆم دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە دەکاتە زیاتر لە 92%.

ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئەیلوولی 2023، سەرۆک بارزانی لە شەشەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) لە پەیامێکدا گوتی: "پیرۆزە، رۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی گەل"

هەروەها، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەبۆنەی یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: "یادی سەرکەوتنی ئیرادەی گەل بەرز و پیرۆزە".

Fly Erbil Advertisment