ئه‌مه‌ریكا دان به سه‌ربه‌خۆیی دوو دوورگه داده‌نێت

K24 – هەولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دان به هه‌ردوو دوورگه‌ی كۆك و نیووه‌ی له زه‌ریای هێمن داده‌نێت و رایده‌گه‌یه‌نێت له‌مه‌ودا وه‌ك دوو ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه و په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستێت.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 25ـی ئه‌یلوولی 2023) جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌میانی پێشوازیكردنی له سه‌ركرده‌ی هه‌رێمه‌كان له‌میانی لووتكه‌ی "كۆنفرانسی دوورگه‌كانی زه‌ریای هێمن" رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی دان به هه‌ر یه‌ك له دوورگه‌كانی كۆك و نیووه‌ی داده‌نێت وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی "سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌نی سه‌روه‌ری"، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه كرد له‌مه‌ودوا وه‌ك دوو وڵات په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستێت و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت.
بایدن له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه، ئه‌م هه‌نگاوه ده‌بێته پاڵپشتیكردنی هه‌ردوو ناوچه‌ی زه‌ریای هێمن و هیندی و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ كرانه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێشكه‌وتنی ئابووری.
هه‌روه‌ها به گوته‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا داننان به‌و دوو دوورگه‌یه وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، سنوورێك بۆ راوكردنی نایاسایی داده‌نێت و هۆكارێكیش ده‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و به‌هێزكردنی گه‌شه‌ی ئابووری.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دانیشتووانی هه‌ردوو دوورگه‌كه له 20 هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕ ناكات، به‌ڵام به‌هۆی گرنگی بواری ئابووری به‌تایبه‌تی له باشووری زه‌ریای هێمن واشنتۆن وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ دانی پێدانان.
هه‌ردوو دوورگه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌نی ئۆتۆنۆمین و په‌یوه‌ندییه‌كی ئازادانه‌یان له‌گه‌ڵ نیوزله‌ندا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا پێی وایه هه‌ردوو دوورگه‌كه له‌لایه‌ن نیوزله‌نداوه بۆ چه‌ندین ده‌یه ده‌چێت فه‌رامۆش كراون.
ده‌گوترێت چین ماوه‌یه‌كه ئاماده‌یی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی خۆی له ناوچه‌كه چڕ كردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه جێی گومانه و بۆ به‌رگرتن له زیاتر ته‌شه‌نه‌كردنی هه‌ژموونی چین، پێویستی به‌وه ده‌كرد واشنتۆن بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه بدات.