عه‌بدوڵڵا وه‌رتی: ئه‌نجامدانی گشتپرسی، مافێكی سرووشتی خه‌ڵكی كوردستان بوو

K24 – هەولێر:

له‌ساڵیادی ریفراندۆمدا، ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی رایده‌گه‌یه‌نێت، پرسی سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌نجامدانی گشتپرسی، مافێكی سرووشتی، یاسایی و مێژوویی خه‌ڵكی كوردستان بوو.

دكتۆر عه‌بدوڵڵا وه‌رتی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، گه‌لی كورد له‌ماوه‌ی سه‌دان ساڵی رابردوو، وه‌ك گه‌لێكی چه‌وساوه‌ و سته‌ملێكراو، خه‌بات و شۆڕش له‌ دژی دووژمنان و داگیركه‌ران ده‌كات.

گوتیشی: "به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهانیش به‌ گشتی،‌ وه‌ك پێویست له‌ خواستی خه‌ڵكی كوردستان تێنه‌گه‌یشتوون، بۆیه‌ به‌بڕوای من سه‌ربه‌خۆیی كوردستان خه‌ونێكه‌ و هه‌موو كوردێكی نیشتمانپه‌روه‌ر و ئایینپه‌روه‌ر خه‌ون به‌و رۆژه‌ ده‌بینی كه‌ گه‌لی كوردستان وه‌ك گه‌لانی ناوچه‌كه‌ خاوه‌نی كیان و قه‌واره‌و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێت".

باسی له‌وه‌شكرد، شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ بڕیارێكی بوێرانه‌، بڕیاری ئه‌نجامدانی گشتپرسیاندا،‌ به‌ بڕوای من گشتپرسی بابه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌ و له‌هه‌ر كوردێكی نیشتمان په‌روه‌ر بپرسیت، ناڵێت من ده‌وڵه‌تم ناوێت و ژیانی ژێر ده‌سته‌ییم ده‌وێت.

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو،  جوگرافییای و سنووری ناشه‌رعی كوردستان، به‌بێ ویستی گه‌لی ئێمه‌ سه‌پێندراوه‌.

دكتۆر عه‌بدوڵڵا وه‌رتی هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئه‌وه‌ی كه‌ زیانی گه‌وره‌ی به‌ خه‌باتی گه‌لی كورد داوه‌، ته‌نیا ناته‌بایی و درزی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بووه‌ و ئه‌نجامی سه‌ركه‌وتنه‌كانی دواخستووه‌".

باسی له‌وه‌شكرد، به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، دژایه‌تی ریفراندۆمیان ده‌كرد، دواجار زۆربه‌یان هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت و پشتیوانیان لێكرد.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ مایه‌ی سه‌ركه‌وتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌.

له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی دادگای ئیتیحادی عێراق، وه‌رتی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان یه‌كگرتوو بن، ئه‌و دادگایه‌ش ناتوانێت بڕیار له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربكات.

لە (7ـی حوزەیرانی 2017)، بە سەرپەرشتی سەرۆک مه‌سعود بارزانی، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لە سەڵاحەددین، (25ـی ئەیلوولی 2017) بە رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دیاریکرا و هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمیش پێکهێندرا.

دوای ئەو بڕیارەش، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری و رێکارەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەستپێکرد و پەرلەمانی کوردستانیش لە 15ـی ئەیلوولی 2017، بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پەسەندکرد.

لە 5ـی ئەیلوولی 2017، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی 18 رۆژ دەرگای بانگەشەکردنی کردەوە و لەو ماوەیەشدا دەیان کەرنەڤاڵ و ئاهەنگی جەماوەری بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و رەوەندی کوردی لە وڵاتانی جیهان بەڕێوەچوو.

هەروەها لەو ماوەیەدا، سەرۆک بارزانی بەبێ وەستان و ماندووبوون سەردانی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و ئامانج و هۆکاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی روونکردەوە و داوای لە کوردستانیان کرد دەنگ بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بدەن.

رۆژی 23ـی هەمان مانگ، کوردستانیانی تاراوگە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەستیان بە دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد و لە (25ـی ئەیلوولی 2017)ـش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ تا کەرکووک، هەموو کوردستانیانی شار و شارۆچکە و گوندەکان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئەو ئاواته‌ی سەدان ساڵ بوو هەموو کوردێک خەونی پێوەدەبینی.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، رێژەی بەشداریکردن لە ریفراندۆم گەیشتە 72%، بەشێوەیەک لەکۆی نزیکەی سێ ملیۆن و 306 هەزار کەس کە بەشداری دەنگدانیان کرد، دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستاندا کە دەکاتە رێژەی 92%.

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن سەرکردایەتی سیاسیی کوردەوە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی، لەگەڵ بوونی فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی و ناوچەیی، بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، بەڵام رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و هەوڵی تاقمێک لەناویەنێکی سیاسی بوونە دارەدەستی ئەجێندای ناوچەیی، کە بەو هۆیەوە تا ئەمڕۆ کەرکووک و بەشێکی فراوان لە خاکی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی نایاسایی و نا دەستووری لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە ئیدارە دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، دەنگی بەڵێی کوردستانیان ئەوەی دووپاتکردەوە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و دژایەتییەکان، بە پشتیوانی گەلی کوردستان ریفراندۆم ئامانجەکەی بۆ مێژوو تۆمارکرد کە کورد هەرگیز دەست لە خەونی سەربەخۆیی هەڵناگرێت و ریفراندۆمیش بووە ئەو بەڵگەنامە بەهێزەی هەمیشە بە دەستی کورد دەمێنێتەوە.

Fly Erbil Advertisment