رافائێل گرۆسی: ھاوكاری ئێران دەتوانێ دڵنیامان بكاتەوە كە پرۆژە ئەتۆمییەكانی بۆ مهبهستی ئاشتیخوازین

K24 – هەولێر:
رافائێل گرۆسی سكرتێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، ئێران رێککەوتنی پێشووی لەگەڵ ئاژانس جێبەجێنەکردووە. گوتیشی: "هاوكاری ئێران دەتوانێ دڵنیامان بكاتەوە، كە پڕۆژە ئەتۆمییەكانی بۆ مهبهستی ئاشتیخوازین".
گرۆسی جەختیش دەکاتەوە، تەنیا ھاوكاری تەواو و ھەستپێكراوی ئێران، دەتوانێ دڵنیایان بكاتەوە، كە پڕۆژە ئەتۆمییەكانی ئێران ئاشتیخوازانەن یاخوود نا.
لە بەرامبەریشدا سەرۆكکۆمار ئێران دەڵێت، هیچ پلانێکیان بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە و بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، تەنیا وهڵامێکە بە پەیمانشکێنییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی بەرامبەر بە ئێران.
جارێکی دیکە لە کۆبوونەوەی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و ناکۆکییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئاژانسی ناوبراو خرایە بەر باس.
رافائێل گرۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە هەفتەی پیشوو ئاشکرایکردبوو، ئێران مۆڵەتی چالاکیی ژمارەیەک لە چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی درێژ نەکردووەتەوە، ئەمجارەیان لە شەست و حەوتەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤیەننا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندی رێککەوتنەکان نەبووە.
گرۆسی ههروهها گوتی: ئێران رایگەیاندووە كە پابەندی بنەماكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمە، بەڵام بەپێی یاسای ئێن پی تی ھێشتا پرسەكان بەتەواوی چارەسەر نەكراون.
ههروهها گوتیشی: "داوا لە ئێران دەكەین لە ھاوكاریكردنی ئاژانسی نێودهوڵهتی وزهی ئهتۆم بەردەوام بێت، چاوەڕوانی ئەوەمان ھەیە پێشكەوتنی زۆرتر بێنەدی و دەمانەوێ ئێران ھاوكارییەكی تەواومان بكات".
چەند کاتژمێرێک پێش ئەم لێدوانانەی گرۆسی، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بە کهناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، ئێران تەنیا ئەو چاودێرانەی دەرکردووە ،کە هاووڵاتیی فەرەنسا، بهریتانیا و ئهڵمانیا بوون، لەبەر ئەوەی تاران تێبینیی لەسەر ئەو سێ وڵاتە هەیە و متمانەی پێیان نەماوە.
رەئیسی جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە و چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هیچ رەهەندێکی سەربازییان نییە، بەڵام بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم وڵامێک بووە بە پابەند نەبوونی وڵاتانی ئەوروپا بە پابەندییەکانی ناو رێککەوتننامەی ئەتۆمی.
لە لایەکی دیکەوە، حسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی ئێرنای راگەیاندووە، پێشوازی لە پلان و دەستپێشخەریی سوڵتانی عوممان دەکەن بۆ گەڕانەوەی هەموو لایەنەکان بۆ ناو رێککەوتننامەی ئەتۆمی بەو مەرجەی وڵاتانی رۆژئاواش ئامادە بن سەرجەم پابەندییەکانیان جێبەجێبکەن و گەمارۆکانی سەر ئێرانیش لابەرن.