دەیان کۆچبەری نایاسایی كه خهڵكی ههرێمی كوردستانیشیان تێدایه لە دەریای ناوەڕاست گیریان خواردووە
K24 – هەولێر:
دەیان کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست گیریان خواردووە، لە نێویاندا ژمارەیەک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان هەن.
چوار رۆژە زیاتر لە 75 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست و نزیک سنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا گیریانخواردووە و داوای بە هاناوەچوون دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 ژمارەیەک لە کۆچبەرەکان خەڵکی سنووری پشدەرو بتوێنن لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیا بە بەلەم لە دەریای ئیجەوە بەرەو سنووری ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون، بۆ ئەوەی بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لە ئێوارەی ئەمڕۆوە لە ناو دەریا و لە سنووری ئاوی نێوان یۆنان و ئیتاڵیا پەکیانکەوتووە و داوا دەکەن هێزەکانی پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا بە فریایانەوە نچن و لە مەترسی رزگاریان بکەن.
پێشتریش ماڵپەڕی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگهیاندبوو، رۆژی 2023/06/20، 52 کۆچبەری نایاسایی کە ههوڵیاندابوو بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە دەرەوەی توركیا، لە کەناراوەکانی ئیزمیر، لە رۆژئاوای توركیا دهستگیركران.
ئاژانسی کۆچبەرانی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکانیش پێشتر ئاشکرایکردبوو، چارەگی یەکەمی ئەمساڵ 2023 بە بەراورد لەگەڵ شەش ساڵی رابردوودا زۆرترین ژمارەی مردن لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست تۆمارکراوە، بە جۆرێک لە سێ مانگی یەکەم زیاتر لە 441 گیان لەدەستدانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست تۆمارکراوە.