شەشەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە رووسیا بەرز راگیرا

K24 – مۆسکۆ:

لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا رەوەندی کوردستانی، بەئامادەبوونی ژمارەیەک رۆژهەڵاتناس و رۆشنبیری رووس و بیانی، بەئەنجامدانی چەند چالاکییەکی جۆرا و جۆر، شەشەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان بەرز و پیرۆز راگرت، کوردناسێکی رووس کە لە چالاکییەکە بەشداربوو دەڵێت، ریفراندۆم هەنگاوێکی گرنگی مێژووییە و نابێت لە ئەنجامە سەرەتاییەکانەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، رەوەندی کوردستانی بەهەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی قوتابییانی کوردستاندا، شەشەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان بەرز راگرت، لە ئاهەنگەکەدا کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان ئامادەبوون، فریاد رەسول، رێکخەری چالاکییەکە لە وتەیەکدا بۆ کوردستان24 باسی لە گرنگی ئەنجامدانی ریفراندۆم کرد، هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە رۆژ لە دوای رۆژ گەلانی کوردستان رژدتر دەبن لەسەر سەربەخۆیی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە، ڤەدیم مەکەرێنکە، مامۆستای زانکۆ و کوردناس، بە کوردستان24ـی گوت: "ریفراندۆم هەنگاوێکی گرنگی مێژووییە، تیایدا کوردەکان رایانگەیاند کە دەخوازن سەربەخۆ و سەروەر بن و ئەمە نیازی گەلە، وڵاتانی دنیاش بەو چەشنە پێویستە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، نابێت لە بەرەنجامە سەرەتاییەکانەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، هەرچەند جیهان ئەم راپرسییەی وەرنەگرت، بەڵام کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە ئەمە مافی کوردەکانە، بۆ ئەوەی ئەم مافە بەدەستبێت و جێبەجێ بکرێت، کوردەکان دەبێت یەکگرتوو بن، دەبێت بەرەوپێشتر بچن و بەهێز و زەنگینتر بن، واتە لە تەواوی بوارەکاندا تۆکمە بن، ئەوکات جیهان دەڵێت کە کوردەکان نەک تەنها شایشتەن سەربەخۆ بن بەڵکو خۆیان سەربەخۆن، کوردەکان لە تەواوی پارچەکانی عێراق، تورکیا، سوریا و ئێران دەبێت یەکگرتوو بن تا بەهێز بن".

شەش ساڵ لەمەوبەر 25/9/2017، ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، سێ ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشداریان لەو راپرسیەدا کرد، کە دەکاتە زیاتر لە 72%، لە ریفراندۆم دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە دەکاتە زیاتر لە 92%.