ئامێرەکانی دەنگدان لە دهۆک تاقیدەکرێنەوە

K24 – دهۆک

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێش وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئامێرەکانی دەنگدان لە دهۆک تاقیدەکاتەوە، چونکە یەکێک لە کێشەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشتر ئامێرەکان بوون.

تیمێکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە سەرپەرشتی دوو رێکخراو کە چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن، لە دهۆک ئامێرەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تاقیدەکەنەوە.

تورین ئیسماعیل، ئەندامی تیمی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە دهۆک بە کوردستان24ی گوت: "هەر دەنگدەرێک ئەگەر کێشە لە کارت و تۆمارەکانی نەبێت دەتوانێت لە ماوەی یەک خولەکدا دەنگ بدات، بەڵام لەکاتی بوونی کێشەی پەنجەمۆر یان فۆڕمی دەنگدان ئەوا ئیجرائاتی دەوێت و پرۆسەکە دوا دەکەوێت".

پشکنین و تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان، بۆ ئەوەیە ئەگەر کێشەیان هەبێت پێش هەڵبژاردن چارەسەر بکرێ، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا چەندین جار کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگدان هەبووە.

هۆگر جاسم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کاروباری تەکنیکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە نووسینگەی دهۆک دەڵێت: "تاقیکردنەوەی ئامێرەکان بۆ ئەوەیە لە ئێستاوە ئەگەر کێشەی تەکنیکی هەبێ چارەسەری بکەین، هەموو حاڵەتەکانمان تاقیکردووەتەوە".

لە پارێزگای دهۆک ژمارەیەکی زۆری ئاوارە نیشتەجێن و لەژێر چادر دەژین، ئەوان خوازیارن دوای هەڵبژاردن کاری جددیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی لەو ژیانە رزگاربن. خەنسێ ئەلیاس خەڵکی شنگالە و چەند ساڵێکە لە دهۆک نیشتەجێیە، بەهۆی بوونی گرووپە چەکدارەکان و دۆخی ئەمنی هاوشێوەی ئاوارەکانی دیکە ناتوانێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی، ئەو دەڵێ: "ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە شنگال و قەرەبوومان بکەنەوە، چونکە حاڵمان باش نییە".

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق،53 هەزار ئاوارە و 14 هەزار و 961 سەرباز لە سنووری پارێزگای دهۆک مافی دەنگدانیان هەیە.

بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورست و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

Fly Erbil Advertisment