سەفین دزەیی: داوا دەکەین کەنەدا نوێنەرایەتی خۆی لە هەولێر بکاتە کونسوڵخانە
"لەگەڵ کەنەدا پەرە بە پەیوەندییەکان دەدەین"

K24 - هەولێر
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی کەنەدا دەدەن، وەک وڵاتێکی بەهێز و فیدراڵی، لە دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە داوا دەکەن نوێنەرایەتی خۆیان لە هەولێر بکەن بە کونسوڵخانە.
سەفین دزەیی، کە بەسەردانێک لە کەنەدایە بە کوردستان24ی گوت: "بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و نێودەوڵەتی دەدەین، هەر وڵاتێک پێشوازی لەو پەیوەندییانە و دروستکردنی پەیوەندی بکات ئێمە زیاتر لێی دەچینە پێشەوە، ئێستا لە هەولێر نوێنەرایەتی باڵیۆزخانەی کەنەدا هەیە، لە دیدارەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی کەنەدا داوامان کردووە ئەو نوێنەرایەتییە بکرێت بە کونسوڵخانە".
گوتیشی: "کەنەدا لە رووی ئابووری و پێگەکەی وڵاتێکی گرنگە و دەتوانێت کاریگەری هەبێت، ئێمەش هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کەنەدا پتەوتر بکەین".
سەفین دزەیی، ئاماژەی بەوەشکرد: "هاتنمان بۆ کەنەدا لەسەر بانگهێشتی ژمارەیەک پەرلەمانتاری کەنەدا بوو، کە ماوەیەک لەمەوبەر سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، لە دیدارەکانماندا جەخت لەوە دەکەینەوە لە بواری ئابووری، سەرمایەگوزاری، کشتوکاڵ و کۆمەڵێک بواری دیکە دەتوانین هاوکاری یەکتر بکەین و سوود لە ئەزموونی وڵاتی کەنەدا وەربگرین وەک وڵاتێکی فیدراڵی".