جەستن ترۆدۆ: بانگهێشتکردنی "نازییەکی ئۆکرانی" بۆ پەرلەمانی کەنەدا مایەی شەرمەزارییە
پیاوێک بانگهێشتی پەرلەمانی کەنەدا دەکرێت کە لەگەڵ نازییەکان شەڕی کردووە

K24 - هەولێر:
دوای ئەوەی پیاوێک بانگهێشتی پەرلەمانی کەنەدا دەکرێت کە لەگەڵ نازییەکان شەڕی کردووە، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دێتە دەنگ و دەڵێت: ئەوەی لە پەرلەمان روویدا مایەی شەرمەزاریە.
جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بانگهێشکردنی یارۆسلاڤ هونکا (تەمەن 98 ساڵ) بۆ پەرلەمانی کەنەدا بە کارێکی شەرمەزارکەر ناودەبات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە یارۆسلاڤ لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانییدا لە نێو یەکەیەکی سەربازی رژێمی نازییەکاندا شەڕی کردووە.
رۆژی هەینی رابردوو، لەمیانی سەردانیکردنی ڤلادیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ پەرلەمانی کەنەدا، یارۆسلاڤ هونکا بانگهێشتی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرا.
ئەنتۆنی رۆتا، گوتەبێژی پەرلەمانی کەنەدا رۆژی هەینی رابردوو لەنێو هۆڵی پەرلەمان یارۆسلاڤ هونکای بە "پاڵەوان" بانگ کرد، دواتر لەسەر ئەم رووداوە داوای لێبوردنی کرد و رایگەیاند، ئاگاداری ئەوە نەبووە کە یارۆسلاڤ پێشتر لەگەڵ نازییەکاندا بووە و گوتیشی: بانگهێشتکردنی کارێکی هەڵە بووە.
جەستن ترۆدۆ ئاماژەی بەوەدا، رووسیا دەتوانێت دەرکەوتنی ئەم کەسە لە پەرلەمانی کەنەدا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت بەتایبەتی لە گێڕانەوەکانیدا سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا.
لە جەنگی دووەمی جیهانییدا، هەزاران ئۆکرانی لەگەڵ نازییەکان شەڕیان کردووە، بەڵام وەک کەناڵی BBCـی بەریتانی ئاماژەی پێدا، ملیۆنان هاووڵاتی ئۆکرانی لەنێو سوپای سووری یەکێتی سۆڤیەت خزمەتییان کردووە.