بەبێ ئاگاداری حکومەت کاری سەربازیی و ئەمنی لە سلێمانی دەکرێت
ئەم دۆخە ترسی بۆ دانیشتوانی سلێمانی دروستکردووە
K24 - سلێمانی
لە پارێزگاى سلێمانى بەبێ ئاگادارى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەندێک کارى سەربازیی و ئەمنى دەکرێت، کە ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێى بۆ سەر ئاسایشى هاووڵاتییان دروستکردووە، چاودێرێکى سیاسی پێى وایە تەنها لە رووى ئەمنییەوە سلێمانى لە پشتى حکومەتى هەرێمەوە کار ناکات، بەڵکو لە رووى ئیداریشەوەیە.
هێشتا روون نەبووەتەوە کە هۆکار چى بوو فڕۆکەخانەى کشتوکاڵى عەربەت کەوتە بەر هێرشى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، بەڵام شرۆڤەکاران هۆکارى ئەو رووداوە و چەند رووداوێکى دیکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە لە سلێمانى دا، چەند کارێکى سەربازیی و ئەمنى دەکرێت بەبێ ئەوەی حکومەتى هەرێمی کوردستان ئاگاداریان بێت، چاودێرێک پێى وایە بەشێک لە وڵاتانى هەرێمى دەستیان لەم کارەدا هەیە و نایانەوێت و ناهێڵن کورد یەک ئیدارە و حکومەتى هەبێت.
مەشخەڵ کەوڵۆسى، چاودێرى سیاسی دەڵێت: "ئەوەی کە لە سلێمانی دەگوزەرێت، تەنها لە رووى ئەمنییەوە نییە، بەڵکو لە رووى ئیداریشەوە، بۆیە حکومەتى هەرێمی کوردستان ناتوانی ئەو سیاسەتەى لە هەلێر و دهۆک هەیەتى هەمان سیاسیەتى لە سلێمانى و دەڤەرەکانی دیکە هەبێت".
پاراستنى ئارامیی و ئاسایشى سلێمانى تەنها بە دەسەڵاتى خۆجێى شارەکە ناکرێت، بەڵکو میكانیزمی دیكەی پێویستە، تا بتوانرێت ئاسایشى هاووڵاتییانى سلێمانى پارێزراوبێت، دەبێت بڕیارەکانى حکومەت لە هەموو شوێنێک وەک خۆى جێبەجێبکرێن.
هەر پەیوەست بەو پرسە کامەران غەریب، چاودێرى سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "ئەگەر هەوڵێکی لەو شێوەیە هەبێت بۆ رێگرى کردن لە دەسەڵاتى مەرکەز واتە حکومەتى هەرێمی کوردستان بۆ رێگرى کردنیان لە پاراستنى ئەمن و ئاسایش، بە دڵنیاییەوە ئەو بارودۆخەى پێشتر لە سلێمانى هاتووەتە ئاراوە، کە بووەتە هۆى داخستنى فڕۆکەخانە و نەبوونى ئەمنیەت لە لایەن هاووڵاتییانەوە بەرەو خراپتر دەڕوات".
رێگریکردن لەوەی حکومەتى هەرێمى کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم شار و شارۆچکەکانى کوردستان کۆنتڕۆڵى دۆسیەى ئەمنى سلێمانى بکات، تەنها دانیشتوانی سلێمانى لێی زیانمەند دەبن، بە بۆچوونی چاودێران ئەم کارە لە رابردوودا دۆخى ئەمنى سلێمانى ناسەقامگیر کردووەو لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش بۆ ناو و ناوبانگى سلێمانى باش نییە، ئەگەر رێگرى بکرێت لەوەى کە حکومەت سەرپەرشتى دۆسیەى ئەمنى و ئیدارى سنووری پارێزگاکە بکات.