تەیمووری ئەنفال: یەکێتی کەسوکاری ئەنفالکراوانی فەرامۆش کردووە

K24 – هەولێر:
راوێژکاری سکرتاریەتی مام جەلال، دەڵێت، دەستبەرداری یەکێتی بووم، بەهۆی ئەوەی خەڵکی جاش و ناشایستە هێنراونەتە ناو کۆنگرە، ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی کەسوکاری ئەنفالکراوانی فەرامۆش کردووە.
تەیمووری ئەنفال، راوێژکاری سکرتاریەتی مام جەلال، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، "منداڵی جاش و ئەفالچی و زاوای ئەنفالچی هێنراونەتە ناو کۆنگرەی یەکێتی، هەروەها یەکێتی بەوە ناسراوە کە حزبی شەهیدانە ئەگەر حزبی شەهیدانیش بێت، دەبێت شایستەی ئەو ناوە بێت کە لێی نراوە".
هاوکات راشیگەیاند، "من ئەوەم پێ قبوڵناکرێت کوڕە جاش و ئەنفالچی، ئەوانەی کە هەتا دوێنێ لەم هەرێمی کوردستاندا پێشمەرگەیان بە دیل دەگرت و بە پێڵاو دەچوونە سەر لاشەکانیان و شەهیدیان دەکردن، هەروەها لەناو شاردا هەرچی خانەوادەی شۆڕشگێرە ئاشکرایان دەکردن، کەچی ئێستادا ئەوانە لەناو یەکێتی دەسەڵاتدارن".
ئەو راوێژکارەی سکرتاریەتی مام جەلال، ئاماژەی بەوەدا، ئەوانەی کە دەوری یەکێتیان داوە، ئەوانەن کە بە چەندەها جۆر ماسکیان بەستووە، بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەم شێوازە پشتگوێبخرێن.
تەیمووری ئەنفال، دەڵێت: "من ناتوانم لەناو حزبێکدا بمێنمەوە و پەرە بەو رێبازە بدەم کە نەوەی جاش و ئەنفالچی بهێننە پێشەوە، بۆیە من دەست لەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەش کردووە، بۆ لەمەودوا بێ دەنگ نابین".
روونیکردەوە، لە ساڵی 1991ـەوە ئێمە هەنگاو دەنێن ئەگەر پێی نەزانن، مانای وایە بۆ لەمەودوا پێویست ناکات هیچ هەنگاوێک بنرێت لەپێناو ئەو حزبە، ئەو راوێژکارەی سکرتاریەتی مام جەلال گوتیشی: ئەو هاوڕێیانەی ناو یەکێتی کە ناڕازی و بێ دەنگن پێویستە بۆ لەمەودوا دەنگی خۆیان هەڵبڕن و چی دیکە قبوڵی ئەم بارودۆخە نەکەن.
جەختی لەوەشکردەوە، "ئێستا لە سەروبەندی هەڵبژاردنە بەرپرسانی یەکێتی پرسی شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ راکێشانی هەست و سۆزی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان".
ئەمڕۆ سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023)، سهبارهت به بهستنی پێنجهمین كۆنگرهی یهكێتی، لاهوور شێخ جهنگی له رێگهی پهیامێكی ڤیدیۆییهوه ههڵوێستی خۆی راگهیاند و ئاماژەی بەوەدا، ئاشکرایە سەرانی ئێستای یەکێتی بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی بەزۆر سەپێندراوی نایاسایی و ناپەیڕەوی و بە پێشێلکردنی هەموو پرەنسیپ و ڕێکارە حیزبییەکان، یەکێتیی بەرەو لێکترازانێکی گەورە و هەژانێکی ناوخۆیی بەرن.
لاهوور شێخ جهنگی، گوتیشی: ئێمە چاوەڕوانبووین لە دوای کەتن و کودەتاکەی 8ی تەمووزەوە، کودەتاچییەکان بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵە گەورەکەیان ڕاستبکەنەوە".
رۆژی دووشەممە (25ـی ئەیلوولی 2023)، مەلا بەختیار، رایگەیاند، بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناکات و ئۆباڵی بەشداری نەکردنی خۆی و ژمارەیەک لە سەرکردەی دیاری یەکێتی دەخاتە سەر مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی.
لەبارەی پرۆسەی دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرەکە، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانەی بۆ کۆنگرە دەرنەچوون، "کەڕامەتی سیاسی خۆیان نەفرۆشتووە" و هەروەها گوتی، "ئەوەی کراوە هەڵبژاردن نییە دەستنیشانکردنە و رێگەنەدراوە کەسانی ماندوو و دڵسۆزی یەکێتی بۆ کۆنگرە دەرچن".
مەلا بەختیار ئاشکرایکرد، کە ناکۆکی زۆر لەبارەی ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکێتی هەیە و هیچ رێککەوتنێک نییە بۆ ئەوەی کۆنگرە بەشێوەیەک بەڕێوەبچێت کە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت.