ئەمەریکا: دەبێ ئێران هەنگاو بنێت

K24 - هەولێر
ئەمەریکا داوای لە ئێران کرد، بۆ کردنەوەی بواری دیپلۆماسیی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی، هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی گرژیی بنێت.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ماتیو میللەر گوتەبێژی وەزارەتەکە لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە واشنتن، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی داوەتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە روونکردنەوەی حکومەتی ئێران لەبارەی پێشکەشکردنی پلانێکی نوێ لەلایەن ژاپۆنەوە بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، میللەر گوتی: "زانیارییم نییە لەبارەی ئەم دەستپێشخەریە تایبەتە. وەک پێشتر گوتم، پێمان وایە باشترین رێگا بۆ ئەوەی دەستەبەری ئەوە بکرێت هیچ کات ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دیپلۆماسییە. ئەم هەڵوێستەمان نەگۆڕاوە".
میللەر باسی لەوە کرد کە بە (دیپلۆماسیی) وەڵامی نیگەرانییەکان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەدەنەوە و گوتی: "ئەگەر ئێرانیش خوازیاری کەمکردنەوەی گرژی و کردنەوەی بواری دیپلۆماسییە دەبێت هەنگاو بنێت بۆ کەمکردنەوەی گرژیی".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەنگاویان ناوە بۆ رێگریی کردن لە چالاکییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و، گوتی: "لە چەند هەفتەی رابردوودا، بینیمان ئێران هەنگاوی نا بۆ تێکدانی کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئەگەر بەڕاستیی ئێران جددیە لە هەنگاونان بۆ کەمکردنەوەی گرژیی، یەکەم کار کە دەبێت بیکات هاریکاریی کردنە لەگەڵ ئەم ئاژانسەدا".
پێشتر ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای کردووە رێگەی پێبدرێت سەردانی واشنتن بکات، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە.
میلەر گوتیشی: ئێمە پابەندین بەوەی رێگە بە بەرپرسانی ئێران و وڵاتانی دیکە بدەین سەردانی نیویۆرک بکەن بۆئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، بەڵام هیچ پابەندییەکمان نییە تا رێگە بدەین بەرپرسانی ئێرانی سەردانی واشنتن بکەن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرکی کردبوو، بەپێی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو ماوەیەدا کە لە نیویۆرک بووە داوای کردووە سەردانی واشنتن بکات.