سووریا.. 118 کەس لە دێرەزور کوژران

K24 – هەولێر
لە ئەنجامی شەڕ وپێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەکدارە ناوخۆییەکانی سووریا، 118 کەس کوژران کە 10 کەسی سڤیل لە نێو کوژراواندایە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە دوو شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەکدارە ناوخۆییەکانی سووریا، لە لادێکانی دێرەزور 29 چەکداری هەسەدە و 79 چەکداری ناوخۆیی کوژران، هەروەها 10 هاووڵاتی سڤیلیش کوژران کە چوار ژن و پێنج منداڵ لەنێو کوژراوەکاندایە.
شەڕ و پێکدادانەکان لە 27ـی ئابی ساڵی رابردوودا لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەکدارانی "ئەبو خەولە" سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر دەستیپێکرد.
ئەو تێکهەڵچوونە دوای ئەوە هات کە ئەبو خەولە بە تۆمەتی گەندەڵی و پەیوەندی لەگەڵ میلیشیاکانی ئێران و هێزەکانی حکومەتی سووریا دەستگیرکرا، هاوکات هێزەکانی هەسەدە توانی لە 12ـی ئەیلوولدا تەواوی ناوچەکە کۆنترۆڵبکاتەوە.