دیلان یەشیلگۆز لەبارەی کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە

دیلان یەشڵگۆز، وەزیری ئاسایش و داد لەحکومەتی هۆڵەندا
دیلان یەشڵگۆز، وەزیری ئاسایش و داد لەحکومەتی هۆڵەندا

K24 – برۆکسل:

ئەمرۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆ و کۆچبەرانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بەرێوەدەچێت، هەرچەندە دیلان یەشیلگۆز وەزیری ئاسایش و دادە لە حکومەتی هۆڵەندا، بەڵام وەکو نوێنەری هۆڵەندا بۆ چارەسەری قەیرانی پەنابەران بەشدارە لەکۆبووەنەوەکەدا.

دیلان یەشڵگوز، وەزیری ئاسایش و داد لە حکومەتی هۆڵەندا، وەڵامی پرسیاری بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 دەداتەوە دەربارەی کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا و ئاشکرای دەکات، "تاوەکو ئێستا دیار نییە ئاخۆ دەبێتە سەرۆکوەزیران یان نا!، چونکە ئەوان چاوەڕوانی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا دەکەن".

بڕیارە ئەمساڵ لە مانگی تشرینی دووەم هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا بەرێوەبچێت، تا ئەوکاتەش مارک رووتە لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەمێنێتەوە.

پێشتریش مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 باسی لەوەکردبوو، هەرچەندە دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا پەیوەستە بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، بەڵام هیوادارە دیلان یەشیلگۆز ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا.

سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کردبوو، دیلان لە حزبەکەی خۆیەتی و یەکێکە لە باشترینەکان، هاوکات جەختیشی لەوەشکردبووەوە، کە هەڵبژاردن کێبڕکێیەکی ئازادانەیە.

دیلان یەشیلگۆز، خەڵکی باکووری کوردستانە و لە ساڵی 1977 لە شاری ئەنقەرە لەدایکبووە و بەرەچەڵەک خەڵکی شاری دێرسیمە، دیلان لە ساڵی 1984 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچدەکەن بۆ هۆڵەندا، دیلان لە زانکۆی ئەمستەردام بڕوانامەی لە زانستی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەدەستهێناوە، هەر لە سەرەتای ژیانی سیاسییەوە پەیوەندی بە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە کردووە، کەسێکی چالاک بووە لەناو پارتەکەیدا. لەساڵی 2014 تا 2017 لەسەر لیستی پارتەکەی بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئەمستردام هەڵبژێردراوە، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش بووە لە ئەنجوومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری جێبەجێکاری شارەوانی ئامستەردام بووە، ئێستاش وەزیری دادی هۆڵەندایە.