خهمیس ئهسعهد: حکومەتی هەرێم بەوە ناسراوە هەردەم بەدەم لێقەوماوانهوه چووه

K24 - هەولێر:
بریكاری وهزارهتی تهندروستی عێراق رایدهگهیهنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە ناسراوە، كه هەردەم بەدەم لێقەوماوانهوه چووه.
خەمیس ئەسعەد بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئهمڕۆ (ههینی 29ـی ئهیلوولی 2023) لهههولێرهوه به رۆژنامهنووسانی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای کارەساتەکەی حەمدانییەوە، بەدەم لێقەوامانەوە چووه و 67 بریندارییان گەیاندە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک.
راشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێشخەرییەکی کردووە بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو بریندارانەی چارەسەرییان لەناوخۆی عێراق نییە.
بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق گوتیشی: "لەسەرەتای کارەساتهکەوە هەماهەنگی باش لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو".
ههروهها گوتی: "سوپاسی خۆمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتدەکەینەوە، کە بەوە ناسراوە هەردەم بەدەم لێقەوماوانهوه چووه".
درەنگانی شەوی 26ی ئەیلوولی 2023، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێران لە قەزای حەمدانییە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 200 کەسی دیکەش بریندارن، وێڕای ونبوونی دهیان كهسی دیكه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و ژمارەیەک لە بریندارانی ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواسترانەوە.
رۆژی 27/9/2023، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا 47 بریندار لە هەولێر و 20 برینداریش لە شاری دهۆک چارەسەر دەکرێن.
پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوەکەی حەمدانییە لە ماوەی 72 کاتژمێردا، رادەگەیەنرێت و دەخرێتە بەردەم سەرۆکی حکومەت بۆ لێپرسینەوە لەوانەی کەمتەرخەم بوون.
روونیشیکردبووهوه، لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان نەبوونی بارودۆخی سەلامەتی و ئەمنی لەم هۆڵەدا پشتڕاست دەکەنەوە، کە نزیکەی 1900 کەسی تێدابووە.
هەر لە راگەیەندراوەکەشدا هاتبوو، "دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە 14 تۆمەتبار دەستگیربکەن، لەنێویاندا 10 کرێکار، خاوەنی هۆڵەکە، هەروەها 3 کەسی دیکە کە تێوەگلاون لە گڕگرتنی یارییە ئاگرینەکان لەکاتی رووداوەکەدا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی نزیکەی 200 کەس و بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەکی دیکە.