بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەکی رووداوەکەی حەمدانییە کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

ساتی رووداوەکەی حەمدانییە
ساتی رووداوەکەی حەمدانییە

K24 – هەولێر:

بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆییەکی ساتی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە، کە کەسێک بە دەموچاوی بەستراوەوە، دەستی بەرزدەکاتەوە و بە پەنجەکانی هێمای سەرکەوتن نیشان دەدات، ناڕەزایەتی و توڕەیی کریستیانەکانی لێدەکەوێتەوە.

گرتەڤیدیۆکە لە ساتی ئاگرکەوتنەوەکە تۆمارکراوە، کە چەند گەنجێک کۆبوونەوەتەوە و لە پشتیانەوە ئاگر لە هۆڵەکە کەوتووەتەوە و هیچ یەکێکیان وادەرناکەون کە هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون یان لەناو هۆڵەکە گیریان خواردووە.

هاوکات یەکێک لەو کەسانەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، رووخساری خۆی داپۆشیوە و دەستی بەرزکردووەتەوە و بە دوو پەنجەی دەستەکانی هێمای سەرکەوتن نیشان دەدات، بەبێ ئەوەی روونبێتەوە، هۆکاری ئەو کارەی چییە.

ئەم گرتە ڤیدیۆییە بووەتە هۆی توڕەیی کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە و گومانی ئەوە دەکەن کە دەستێک هەبێت لە پشتەوەی ئەنجامدانی ئەو رووداوە و داوایان لە دەزگا ئەمنییەکان و لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کردووە، بەدواداچوون لەگەڵ ئەو کەسە بکەن و راستی ئەو دیمەنە بۆ کەسوکاری قوربانییان و رای گشتی ئاشکرا بکەن.

هەروەها بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی خێرا، کاردانەوەکانی فراوانتر کردووە و بەشێک لە هاووڵاتییان گومانی دەکەن هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە لەخۆڕانەبێت و تاوەکو ئێستا راستییەکان وەک خۆی ئاشکرا نەکراوە.

درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.

هاوکات لە دوای رووداوەکە نزیکەی 70 برینداری رووداوەکە گەیەندرانە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک و چارەسەری پزیشکییان بۆ دەکرێت و لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانیشەوە، پێداویستییەکان و هاوکاری ماددی بریندارەکان و کەسوکاریان کرا.

هەر ئەمڕۆ هەینی (29ـی ئەیلوولی 2023)، سه‌رۆكی ئه‌ساقیفه‌ی ئه‌بره‌شه‌ی مووسڵ له‌ گوته‌یه‌كدا له‌به‌رده‌م‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقی لە رێورەسمی بەڕێوەچوونی پرسەی قوربانییەکان رایگه‌یاند، تا ئێستا 25 ته‌رم نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

لەگەڵ ئەوەشدا، رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023) راگەیەندرا، بەشێک لە قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە، بەهۆی بەرزی رێژەی سووتاوییەکەیان، پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ دەکرێت بۆ ناسینەوەی ناسنامەکەیان پێش ئەوەی بەخاک بسپێردرێن.