مەلا کەریم شکور: پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی گفتوگۆی زۆر دەوێت و کۆنگرە درێژەی دەبێت

کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی

K24 – سلێمانی:

ئەندامێکی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بوونی تێبینی زۆر لەبارەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ، لەوانەی کارەکانی کۆنگرە بۆ دوو رۆژی دیکەش درێژبکرێتەوە.

مەلا کەریم شکور، ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی بوونی تێبینی زۆر لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆ کە پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە، لەوانەیە کارەکانی کۆنگرە بۆ سبەی و دووسبەیش درێژ بکرێتەوە.

ئەو ئەندامەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکلایی بووەتەوە لە 61 کەس پێکدێت، بەڵام شێوازی هەڵبژاردنی گفتوگۆی لەسەرە و مەرج نییە بەشێوازی لیستی داخراو بەڕێوەبچێت، هەروەکو لە رەشنووسی پەیڕەوەکەدا هاتووە.

مەلا کەریم شکور گوتیشی، لەبەر ئەوەی پەیڕەوی ناوخۆ پێویستی بە گفتوگۆی زۆرە، تائیستا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نەکراوەتەوە و دوای پەسەندکردنی پەیڕەو، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەڕێوەدەچێت.

رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، هەر لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردرا.

لە دووەم رۆژی کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، گفتوگۆکان لەبارەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بەردەوام بوو، بەشێوەیەک بەپێی رەشنووسەکە، زۆرترین دەسەڵات دراوە بە سەرۆکی یەکێتی لە دیاریکردنی مەکتەبی سیاسیی، سەرۆکی دەزگا و ئۆرگانەکانی یەكێتی، دانانی سکرتێر و ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی بەژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەمی خۆیدا، رەشنووسێکی نوێی ئامادەکردووە، کە وێنەیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە و لە 10 بەش و 64 ماددە پێکهاتووە و تێیدا دەسەڵاتی سەرۆک و ئۆرگانەکانی ئەو حزبەی تێدا دیاریکراوە و دەسەڵاتی دانانی سەرۆکی هەموو دەزگا و ئۆرگانەکانی یەکێتیش بە بە سکرتێر و ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی بەژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیشەوە، دراوەتە سەرۆکی حزبەکە.