کۆڵبەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی مینەوە برینداربوو

K24 – سۆران:
کۆڵبەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوور لە کوێستانەکانی شارەدێی حاجی ئۆمەران بەر مین دەکەوێت و برینداربوو، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمانیش رایگەیاند، رەوانەی هەولێر دەکرێت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری.
رۆژی هەینی (29ـی ئەیلوولی 2023)، محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمان بەکوردستان24ـی راگەیاند، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی ئەرسەلان سەفیاری (تەمەن 40 ساڵ)، خەڵکی گوندی گەزگەزکێی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە کوێستانی گوندی زینوەی سەر بە شارەدێی حاجی ئۆمەران لەسەر سنور بەرمین کەوتووە.
محەممەد جەبار ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتا بریندارەکە گەیەندراوەتەوە بنکەی تەندروستی حاجی ئۆمەران و پاشان گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی چۆمان و فریاگوزاری سەرەتایی بۆ کراوە.
هاوکات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمان گووتیشی، ئەو هاووڵاتییەی رۆژهەڵاتی کوردستان، مین بە قاچی راستی تەقیوەتەوە و دوای ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتایی رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمرجێنسی هەولێر دەکرێت بۆ ئەوەی بەخێرایی نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
بەگوێرەی ئاماری دهزگای گشتی كاروباری مینی ههولێر، له 760 ملیۆن مهتر دووجای زهوی مینڕێژكراو لە هەرێمی کوردستان، 50 ملیۆنی دهكهوێته سنووری پارێزگای ههولێر كه له سهدا 35 بۆ 40ی مینی تێدا ههڵگیراوهتهوه، ئەمساڵیش تا کۆتایی مانگی رابردوو، لە سنووری پارێزگای هەولێر حەوت كهس بهر مین كهوتن و سێ كهسیان گیانیان لهدهستداوه.
ئامارەکانی دەزگای گشتی کاروباری مینی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2022، دوو ملیۆن و 316 هەزار و 756 مەتر دووجا، لە مین و تەقەمەنی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان پاککراوەتەوە کە لە چاو ساڵی پێش خۆی چەند بەرامبەر رووبەری پاککراو زیادیکردووە.
هەر لە ساڵی رابردوودا، تیمەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین و رێکخراوەکانەوە چوار هەزار 247 مینی دژەکەسی و دژە تانک و 34 هەزار و 308 پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی نەتەقیوو هەڵگیراونەتەوە.
هەروەها لە ساڵی 2021 دەزگاکە 601 هەزار و 151 مەتر دووجای لە مین و تەقەمەنی پاککردووەتەوە، کە لە 21 کێڵگە مین وحەوت شەڕگە پێکهاتبوو، کە هەزار و 894 مینی دژە کەسی و دژە تانک و 22 هەزار و 918 پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی لە خۆ گرتووە.
هاوکات لە مانگی تەمموزی رابردوو، دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کێڵگەیەکی مین لە چیای ئەزمەڕ، 124 مین و پاشماوەی جەنگی هەڵگرتەوە و لە بەرزاییەکانی بەردەبووکی ناحیەی گەڵاڵە لە دەڤەری باڵەکایەتیش، 800 مین و پارچەی تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی جۆراوجۆری هەڵگرتەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە ئەنجامی پاشماوەکانی شەڕی عێراق و ئێران لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هەروەها شەڕی داعش و شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا لەناوخاکی هەرێمی کوردستان، تائێستا زیاتر لە 700 کیلۆمەتر لە خاکی هەرێمی کوردستان بە ناوچەی مەترسیداری مینڕێژراو دادەنرێت و لە چاوەڕوانی هەڵگرتنەوەی مین و پاشماوەکانی جەنگدان.
