کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی دواخرا

K24 – هەولێر
بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی دواخرا.
بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە 30/9/2023، کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان، لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی نەتوانرا کۆنگرە ببەسترێت و دواخرا.
محەممەد بازیانی، ئەندامی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە ماوەی 10 رۆژدا دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت بۆ بەستنی کۆنگرە، ئەوکات دەبێ چەند ئەندامی ئەوان بچێتە ژوورەوە ئەوەندەش هی ئێمە بن".
گوتیشی: "ئەمڕۆ کۆنگرە ناکرێت، بەپێی یاسا دەبێ رێژەی یاسایی تەواو بێت، ئەگەر تەواو نەبوو کۆنگرە دەچێتە قۆناغی دووەم".
بەگوتەی بازیانی، باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز "پێشێلکاریانە کردووە، بەڵام هەر نەیان توانیوە رێژەی یاسایی تەواو بکەن، دەمان زانی کە رێژەی یاسایی تەواو نابێت".
روونیکردەوە: "بە ئەندامەکانی ئێمەشەوە هەزار و 70 کەس لە هۆڵی کۆنگرە بوونە، بەپێی یاسا دەبێ هەزار و 170 کەس لە ژوورەوە بن، ئێمە هەندێک کەسمان وەکو تاکتیکێکی ئێمە بوو، بۆیە لە کەناڵەکانی راگەیاندن نەمان دەویست قسە بکەین، بەڵام بۆ قۆناغی دووەم ئێمە ئیشی خۆمان دەکەین".
زیاتر لە ساڵێکە کێشە کەوتووەتە ناو سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو حزبە پشتیوانی لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دەکەن، ژمارەیەکی دیکەشیان لەگەڵ کامیل حاجی عەلی دان، کە باڵی جیابووەوە هەژمار دەکرێن.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کامیل حاجی عەلی، رایگەیاند، بەهۆی زیادکردنی 170 ئەندامی کۆنگرە ئەوان بەشداری لە کۆنگرە ناکەن و بایکۆتی دەکەن.
محەممەد بازیانی، ئەندامی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی کە لە باڵی کامیل حاجی عەلییە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو ناوانەی لە هۆڵی کۆنگرە هەڵواسراون و ئەو ناوانەی کە لەلایەن ئێمەن زۆر جیاوازە و ناوی دیکە زیادکراون، ئەمەش پێشێلکاری یاساییە".
لە بەرامبەردا عەبدوڵڵا وەرتی، ئەندامی کۆنگرە لە باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، دەڵێت: "ئەو ناوانەی زیادکراون، ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەندامی مەکتەبەکان و ئەندامی مەڵبەند و کادیری پێشکەوتووی بزووتنەوەی ئیسلامین، ناویان لە لیستەکە نەبووە، چوار مانگ پێش ئێستا پێشکەش بە کۆمسیۆن کراون و ناوەکان بە رێکاری یاسایی دا تێپەڕیون، چونکە ئەو لیستە شەش ساڵ پێش ئێستا پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە".
بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان (رۆژی 5ی شوباتی 2022) کۆنگرەی 12 هەمینی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا، لە کۆنگرەکەدا تەنیا (کامیل حاجی عەلی) کاندید بوو بۆ رابەری بزووتنەوەکە، بەڵام نەیتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەک رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، دواتر کامیل حاجی عەلی ناڕەزایەتی دەربڕی و رۆژی (3ی تشرینی یەکەمی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو رابەری بزووتنەوەکەیە و کارەکانی کۆنگرە پێشێلکاری تێدا بووە، دواتریش لە باڵی کامیل حاجی عەلی رایانگەیاند، ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 هەڵوەشاوەتەوە.