سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: هەموو هاوکارییەکی پێویست پێشکەش بە بریندارانی کارەساتەکەی بەخدێدا دەکەین
K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بریندارانی رووداوەکەی بەخدێدا (حەمدانییە) دەکات و بەشداری پرسەی قوربانیانی ئەو کارەساتە دەکات و رایگەیاند، پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویست دووپاتدەکەینەوە.
رۆژی شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "بريندارانى کارەساتی ئاگركەوتنەوهى بەخدێدا (حەمدانییە)م بهسهركردهوه و هیوای زوو چاکبوونەوەم بۆ خواستن و پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویستم بۆ دووپاتکردنەوە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە، "هەروەها بەشداریم لە پرسەی قوربانییانی کارەساتەکە کرد و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم بە بنەماڵەکانیان گەیاند".
هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارهى رۆژی شهممه (30ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، سەردانی نهخۆشخانهى ئيمرجێنسى له شاری ههولێر کرد و بريندارانى رووداوى ئاگركەوتنەوەى بەخدێدا (حەمدانییە)ی بهسهركردهوه و له دۆخى تەندروستییانی پرسی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ خواستن.
سهرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی ههموو پشتگيرى و یارمەتییەکی پێویست بۆ بريندارانی ئەو کارەساتە دووپات كردهوه. هەروەها سوپاسی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کرد کە لەگەڵ ڕوودانی کارەساتەکە، دەستبەجێ بە هانای لێقەوماوانەوە چوون.
پاشان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزای عەنکاوە، بەشداری لە پرسە و ماتەمینی قوربانییانی کارەساتەکە کرد و پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بە کەسوکار و بنەماڵەکانیان گەیاند.
بريندارانى کارەساتی ئاگركەوتنەوهى بەخدێدا (حەمدانییە)م بهسهركردهوه و هیوای زوو چاکبوونەوەم بۆ خواستن و پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویستم بۆ دووپات کردنەوە.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) September 30, 2023
هەروەها بەشداریم لە پرسەی قوربانییانی کارەساتەکە کرد و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم بە بنەماڵەکانیان گەیاند. pic.twitter.com/gRiXoeJrNQ
رۆژی شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە نەخۆشخانەی ئیمرجێنسی شاری هەولێر، بریندارەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بەخدێدای بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە بەدواداچوونی کرد بۆ دۆخی تەندروستی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی بە برینداران لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە.
هەروەها دواتر لە عەنکاوە، بەشداری لە پرسەی قوربانییانی رووداوەکە کرد و لە نزیکەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان و کریستیانەکان کرد و هاوخەمی خۆی لەو کارەساتەی بەسەریاندا هاتووە دەربڕی.
درەنگانی شهوی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاههنگگێڕانی هاوسهرگیری له قهزای حهمدانییه، ئاگر كهوتهوه و بههۆیهوه زیاتر له 100 كهس گیانیان لهدهستداوه و بهسهدان كهسیش برینداربوون و لهسهر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانهوهی لێكهوتهوه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.
هاوکات پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریداوە سێ رۆژ ماتەمینی گەشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیەندرێت بۆ قوربانییانی رووداوەکەی بەخدێدا (حەمدانییە).