پارێزگاری نه‌ینه‌وا: تا ئێستا نۆ كه‌س به‌هۆی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ ده‌ستگیركراون

K24 – هەولێر:

نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی رووداوەکەی حەمدانییە ئاشکرادەکات.

راشیگەیاند، هەموولایەک سوورن لەسەر سزادانی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لەکارەساتەکەی حەمدانییەدا هەیە و تا ئێستا نۆ کەس دەستگیرکراون.

گوتیشی: "لێکۆڵینەوەکان لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییە بەردەوامە ".

ئاشكراشیكرد، ئەوانەی بوونه‌ته‌ هۆكاری دروستبوونی رووداوه‌كه،‌ دەبێت سزا بدرێن .

پارێزگاری نه‌ینه‌وا زیاتر گوتی: "وەک بەڕێز وەزیری ناوخۆی عێراق دوێنی ئاماژەی پێدا، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرادەکرێن و ئێمەش چاوەڕوانی ئەنجامەکانین".

گوتیشی: "ئەنجوومەنی دادوەری عێراق لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حه‌مدانییه‌ دەکات، هەموومان لەسەر ئەوە سوورین کە ئەوەی دەستی لەم تاوانەدا هەیە، پێویستە سزای یاسایی خۆی وەربگرێت".

درەنگانی شەوی 26ی ئەیلوولی 2023، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێران لە قەزای حەمدانییە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 200 کەسی دیکەش بریندار بوون، وێڕای ونبوونی ده‌یان كه‌سی دیكه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و ژمارەیەک لە بریندارانی ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواسترانەوە.

رۆژی 27/9/2023، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا 47 بریندار لە هەولێر و 20 برینداریش لە شاری دهۆک چارەسەریان وه‌رگرتووه‌.