پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پەسند کرا

دیمەنێک لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
دیمەنێک لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی

K24 – هەولێر

دوای پێنج رۆژ سەرجەم ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پەسندکران و پۆستێکی نوێ بە جەعفەر شێخ مستەفا درا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژی پێنجەمی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی، هەموو ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پەسند کران و، بڕیارە هەر ئەمڕۆش دەنگ بە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بدرێت.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، جەعفەر شێخ مستەفا وەک سکرتێری ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دیاریکراوە.

پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی لە 68 ماددە پێکهاتووە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، ئەو ماددانەی زۆرترین مشتومڕی لەسەر کراوە پەیوەندییان بە میکانیزمی کاندید و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە هەیە، چونکە چەند مەرجێک دانراوە بۆ ئەو کەسانەی خۆیان کاندید دەکەن، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە نابێ پۆستی حکومییان هەبێت.

کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی رۆژی چوارشەممە، 27ی ئەیلوولی 2023، دەستی بە کارەکانی کرد، هەرچەندە بڕیار بوو لە ماوەی سێ رۆژدا کۆتایی بە کۆنگرە بێت، بەڵام تا ئەمڕۆش کۆنگرەکە بەردەوامە و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکە هەڵنەبژێردراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، یەکێتی چەند گۆڕانکارییەکی لە ئۆرگانەکانی کردووە، ژمارەی مەکتەبەکانی لە 21 مەکتەبەوە بۆ 8 مەکتەب کەمکردووەتەوە.