مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ: لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی رووداوه‌كه‌ی حەمدانییە رازی نیین

K24 – هەولێر:
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ سەرۆکی ئەساقیفه‌ی ئەبرەشییەی سریانی مووسڵ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کریستیانەکان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی رووداوه‌كه‌ی حەمدانییە رازی نیین. گوتیشی: "داوای خوێنی شەهیدانی خۆمان دەکەین".
سەرۆکی ئەساقیفه‌ی ئەبرەشییەی سریانی مووسڵ دەشڵێت، لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراق زانیاری نادروستی تێدایه و ماوەی 24 کاتژمێرمان بە حکومەتی عێراق داوە، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە ئەنجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه بکات.
هه‌روه‌ها گوتی: "کریستیانەکان لە لیژنه‌كه و دەرئەنجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان رازی نیین، خەڵکی ئێمە ئەم دەرئەنجامهیان قبووڵ نییە، چونکە کۆپی دەرئەنجامی هەموو ئەو رووداوانەن كه لە عێراقدا روودەدەن، بۆیە کریستیانەکان سەرلەبەری ئەم بڕیارانە رەتدەکەنەوە، ئێمەش وەکو سەرکردایەتی ئایینی لەگەڵ گەلی خۆماندا دەوەستین و داوای خوێنی شەهیدانمان دەکەین".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "هەندێک زانیاری لە لێکۆڵێنەوەکاندا هاتوون، دوورن لە راستییەوە، وەزیری ناوخۆ گوتی 21 ئاگرگوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکە بوون، ئەمە راست نییە، چونکە تەنیا دوو بۆ سێ ئاگرکوژێنەوەی لێ‌بوو، تا رووداوەکەش تەواو بوو، دوو ئاگرکوژێنەوەی دیکە هاتن، ئەمەش واتای ئەوەیە رەنگە زانیاری تریشیان بەهەڵە گەیاندبێتە سەرۆکوەزیران".
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ روونیشیكرده‌وه، "ئه‌وان دەڵێن ئەم ئاگرە بەهۆی یاری ئاگرییەوە بووە، ئێمە ڤیدیۆمان هەیە کە وێنەگر و منداڵ بە ژێریدا دەڕۆن و نایانسوتێنێت، کەواتە چۆن یاری ئاگرینی بووه‌ته هۆکاری ئاگرەکە؟ ئێمە تەنیا دەمانەوێت هۆکاری راستەقینەی ئاگرەکە بزانین، بۆیە وادەی 24 کاتژمێرمان داوەتە حکومەت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە بڕیارەکەدا بچنەوە و لێکۆڵێنەوە بکەنەوە".
پێشتریش شێروان دووبه‌ردانی، په‌رله‌مانتاری عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاندبوو، خه‌ڵكی عێراق به‌و باوه‌ڕه گه‌یشتوون كه رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه جۆرێك له هاندانی پێوه دیاربوو و به‌ڵگه و ڤیدیۆكانیش سه‌لمێنه‌ری ئه‌و بۆچوونه‌ن.
دووبه‌ردانی پێشبینشی كردبوو، ئه‌نجامه‌كان به پێچه‌وانه‌ی راستییه‌كانی پشت رووداوه‌كه، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقه‌وه راده‌گه‌یه‌ندرێت.
درەنگانی شه‌وی (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له قه‌زای حه‌مدانییه، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكهوتهوه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواسترانه‌وه.
هاوکات لە دوای رووداوەکە نزیکەی 70 برینداری رووداوەکە گەیەندرانە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک و چارەسەری پزیشکییان بۆ كرا و لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانیشەوە، پێداویستییەکان و هاوکاری ماددی بریندارەکان و کەسوکاریان کرا.
رۆژی (29ـی ئەیلوولی 2023)، سه‌رۆكی ئه‌ساقیفه‌ی ئه‌بره‌شه‌ی مووسڵ له گوته‌یه‌كدا له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقی لە رێورەسمی بەڕێوەچوونی پرسەی قوربانییەکان رایگه‌یاندبوو، تا ئێستا 25 ته‌رم نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
لەگەڵ ئەوەشدا، رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023) راگەیەندرا، بەشێک لە قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە، بەهۆی بەرزی رێژەی سووتاوییەکەیان، پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ دەکرێت بۆ ناسینەوەی ناسنامەکەیان پێش ئەوەی بەخاک بسپێردرێن.