تشرینییەکان لە بەغدا یادی خۆپیشاندانەکانی 2019 دەکەنەوە

خۆپیشاندان لە بەغدا - وێنە: AFP
خۆپیشاندان لە بەغدا - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

لە چوارەم ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینییەکان، جارێکی دیکە ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوان و خۆپیشاندەرانی تشرینییەکان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا گردبوونەوە.

رۆژی یەکشەممە (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، سەدان کەس لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا گردبوونەوە بۆ یادکردنەوەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی 2019 و داواکردن بۆ بەسزاگەیاندنی ئەوانەی دەستیان هەبووە لە کوشتنی خۆپیشاندەران.

خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، دروشمیان دژی حکومەتەکەی سوودانی دەگوتەوە و وێنەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی 2019ـەیان بەرزکردبووەوە و دروشمەکانی پێشوویان دژی گرووپە چەکدارەکان دەگوتەوە، کە بەوە تۆمەتباریان دەکەن، بەشێک بوون لە بەکارهێنانی هێز دژ بە خۆپیشاندانی ئاشتییانەی تشرینییەکان.

هەروەها لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا و چەند کەسێک لە هەردوولا برینداربوون.

خۆپیشاندانێکی جیاواز

لە یەکەم رۆژی تشرینی یەکەمی 2019، خۆپیشاندانی جەماوەری لە بەرامبەر بێکاری، هەژاری، کەمی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا  دەستیپێکرد، بەڵام هەر زوو بۆ راپەڕینی جەماوەری گۆڕدرا، ئاستی داواکارییەکانیان بۆ دوورخستنەوەی گەندەڵکاران لە دەسەڵات، کۆتاییهێنان بە هەژموونی حزب و گرووپە چه‌كداره‌کان لەسەر دەسەڵات و گۆڕینی دەستوور، به‌رزكرده‌وه‌.

خۆپیشاندانی تشرینییەکان بووە خاڵی  جیاکەرەوە لە مێژووی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق لە دوای ساڵی 2003، ئایکۆنێکی عێراقی بوون کە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کۆکردەوە دواکارییەکانیانی یەکخست.

راپەڕینەکە 10 پارێزگای ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقی گرتەوە بە بەغدای پایتەختیشەوە، نزیکەی یەک ساڵ بەشێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام بوو، هەر زوو رووبەڕووی سەرکوتکاری له‌لایه‌ن هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ بوونه‌وه‌، دەیان جۆر چەک بەرامبەریان بەکارهێنرا کە بەهۆیەوە خوێنێکی زۆری عێراقییەکان ڕژا.

به‌ گوێره‌ی دواهه‌مین ئاماره‌كان، زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر گیانیان له‌ده‌ستدا و 26 هەزار کەسی دیكه‌ش برینداربوون.

هەروەها دەیان چالاکوان و رێکخەری خۆپیشاندانەکان "تیرۆرکران یان فڕێندران و بێ سەروشوێن کران" بەبێ ئەوەی بکەرەکانیان ئاشکرابکرێن بەڵام خۆپیشاندەران پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی گروپه‌ چه‌كداره‌كان کرد.

ناسڕییه‌، قه‌ڵای تشرینییه‌كان

دوای سووتاندنی كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ شاری نه‌جه‌ف و باره‌گای زۆربه‌ی لایه‌نه‌ شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ زۆربه‌ی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، تشرینییه‌كانی ناسڕییه‌، رووبه‌رووی خوێناویترین سه‌ركوتكاری بوونه‌وه‌. له‌ رۆژانی 28-30ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكۆتبه‌ری 2019، به‌هه‌موو هێزێك هه‌وڵی شكاندنی مانگرتن و كۆتاییهێنان به‌ خۆپیشاندانی تشرینییه‌كان هێندرا. كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌ی فراوانی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، له‌دژی به‌كارهێنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران و رژانی خوێندنی ده‌یان هاووڵاتی عێراقی، كه‌ داوای مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن.

ده‌ستكه‌وتی تشرینییه‌كان

لە ئەنجامە بەدەستهاتووەکانی خۆپیشاندان و راپەڕینی تشرینییەکان، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران بوو لە تشرینی دووەمی 2019  لەسەر داوای مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەکان لە نەجەف، هەروەها پەرلەمانی عێراق، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەسەند بۆ ئەوەی دەرفەت لە بەردەم کەسانی سەربەخۆ و بێلایەن بکرێتەوە تا بچنە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

مستەفا کازمی، کە بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە شیعەکان لە ئایاری 2020 پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بەڵێنیدا بکوژانی خۆپیشاندەران بە سزا بگەیەنێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، هەرچەندە کازمی لە رێکخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە سەرکەوتوو بوو لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڵام وەک تشرینییەکان دەڵێن،" نە گەندەڵکاران دوورخرانەوە و نە بکوژانیش سزادران".

گەڕانەوە بۆ گۆڕەپان لە 2022

خۆپیشاندانی ساڵی رابردووی تشرینییەکان بۆ یادكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019 چاوه‌ڕوانكراوبوو‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر  لە (2ـی ئەیلوولی 2022)، جارێکی دیکە خۆپیشاندان لە بەغدا ئەنجامدرا و داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسیی وڵات و هەڵوەشانەوەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقییان کرد.

بەڵام بەهۆی ناکۆکی سەرکردە و کەسە دیارەکانی تشرینییەکان ئەوکات خۆپیشاندانەکان درێژەیان نەکێشا، فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق، کە وەک سەرکردەیەکی تشرینییەکان ناویدەهێنرێت لە تویتێکدا هۆشداریدایە تشرینییەکان لە چوونەوە سەر شەقام و گوتی "هەمووتان دەکوژن"، بۆچوونیشی وابوو ئەوەی لە عێراق روودەدات جگە لە بێهودەیی هیچی دیکە نییە.

دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان دوای شکستی شوێنکەوتووانی رەوتی سەدر هات لە بەغدا و ناوچەی سەوز، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

لە (30ی ئه‌یلوولی 2022)، موقتەدا سەدر رۆژێک دوای دەستبەرداربوونی لە سیاسەت، بە گوتارێک کۆتایی بە خۆپیشاندانی زیاتر لە مانگێکی شوێنکەوتووەکانی هێنا، کاتێک لە کۆنفراسێکی رۆژنامه‌وانیدا، داوای لێکردن لە ماوەی 60 خولەکدا لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، ئەمەش وایکرد، خۆپیشاندانی 2019ـی تشرینییەکان هەر بە کاریگەرترین ناڕەزایەتی لە مێژووی نوێی عێراق بمێنێتەوە.

تشرینییەکان و کاری سیاسیی

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2021ـدا، بەشێک لە تشرینییەکان یەکەم ئەزموونی کاری سیاسییان تاقیکردەوە بەڵام سەرکەتوونەبوون لەوەی ببنە هێزێکی کاریگەر لە پەرلەمانی عێراق و هاوکێشەی سیاسی لە عێراق.

دابەشبوون و بەشدارینەکردنی تشرینییەکان لە کاری سیاسیی، وایکرد کاریگەری ئەو هێزەی رۆڵی هەبوو لە گۆڕینی حکومەتی ئەوسای عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هێندە نەبێت ببێتە مەترسی یان جێگرەوەی ئەو هێزانەی لەدوای 2003ـەوە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەژموونی دەسەڵاتیان لەدەستدایە.

بۆ هەڵبژاردنی کۆتایی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، بەهۆی ناڕازیبوونیان لە یاسای هەڵبژاردنەکان، بەشێکی زۆر لە تشرینییەکان بڕیاری بایکۆتکردنی پرۆسەی دەنگدانیان داوە، بەم پێیەش لە حکومەتە ناوخۆییەکانی چوار ساڵی داهاتووش، تشرینییەکان هیچ رۆڵێکی بەرچاویان نابێت لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکانی عێراق.