چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق: هه‌ر جۆره به‌ئامانجگرتنێكی خاكی عێراق ره‌تده‌كه‌ینه‌وه

K24 – هەولێر:
هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆده‌بنه‌وه و رایده‌گه‌یه‌نن هه‌ر جۆره به‌ئامانجگرتنێكی خاكی عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌بێته هۆی تێكچوونی ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه.
ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 1ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق به به‌شداری هه‌ر یه‌ك له له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فائیق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری عێراق كۆبوونه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاته سیاسی و ئه‌منییه‌كان و كۆی پرس و بابه‌ته ناوخۆییه‌كان و ده‌ره‌كییه‌كان تاوتووێ كرا.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانیان له‌میانی به‌شداریكردنی خولی 78ـه‌مینی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان خسته به‌ر باس و هه‌ڵسه‌نگاندن.
هه‌روه‌ها راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و لێپێچینه‌وه له گه‌نده‌ڵكاران كرده‌وه.
چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا رایانگه‌یاند، هه‌ر جۆره ده‌ستدرێژی و به‌ئامانجگرتنێكی خاكی عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه، به‌وپێیه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دراوسێیه‌تی نایه‌ته‌وه و هه‌ڕه‌شه له ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه ده‌كات. هاوكات به پێویست زانراوه، كێشه و ناكۆكییه‌كان له رێگه‌ی گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن و هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێن.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق روونیشیكردووه‌ته‌وه، هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه نیگه‌رانی و پرسه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر به رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی حه‌مدانییه ده‌ربڕیوه و جه‌ختیان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری پێویست بۆ برینداران كردووه‌ته‌وه.