ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا داوا لە سڕبیا دەکەن هێزەکانی لەسەر سنووری کۆسۆڤۆ بکشێنێتەوە

سەرۆکی سڕبیا رەتیدەکاتەوە هێزیان لەسەر سنووری کۆسۆڤۆ جێگیر کردبێت
سەرۆکی سڕبیا رەتیدەکاتەوە هێزیان لەسەر سنووری کۆسۆڤۆ جێگیر کردبێت

K24 - هەولێر

گرژییەکانی سڕبیا و کۆسۆڤۆ بەردەوامییان هەیە؛ ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا داوا لە سڕبیا دەکەن هێزەکانی لەسەر سنووری کۆسۆڤۆ بکشێنێتەوە. لە بەرانبەریشدا، سەرۆکی سڕبیا رەتیدەکاتەوە هێزیان لەسەر سنووری کۆسۆڤۆ جێگیر کردبێت و راپۆرتەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە "درۆ" ناو دەبات.

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو نزیکەی 30 چەکدارێکی دەمامکداری سڕبی هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیسی کۆسۆڤۆ، کە بەهۆیەوە پۆلیسێک و سێ لە چەکدارەکان کوژران، جارێکی دیکە گرژی و ئاڵۆزی نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ سەریهەڵدا.

چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ناوچەی بانجسکا لە باکووری کۆسۆڤۆ و دواتر لە نێو کڵێسایەکی ئۆسۆدۆکسەکان خۆیان حەشاردا و قەشە و سەردانیکەرانی کڵێساکەیان بە بارمتە گرت.

دوای شەڕ و پێکدادانەکان، هەریەکە لە ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان لە جێگیرکردنی سەربازی سڕبیا لەسەر سنووری کۆسۆڤۆ دەربڕی و داوایان لەو وڵاتەکرد سەربازەکانی بکشێنێتەوە و دۆخەکە هێور بکاتەوە.

بەهۆی رووداوەکە، ئەلبین کورتی، سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ داوای سزادانی سڕبیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێت، "پێویستە ئەم بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکرێتەوە، بۆیە هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان و هێزە ئاشتیپارێزەکانی ناتۆ زیاتر دەکەین."

سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ جەختیش لەوە دەکاتەوە، "دەبێت سڕبیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سزا بدرێت، چونکە هەر جارێک سزا نەدراوە تاوانەکانی دووبارە کردووەتەوە".

 لە بەرانبەردا، سەرۆکی سڕبیا رەتیکردەوە سەربازەکانیان لەسەر سنووری کۆسۆڤۆ جێگیر کردبێت. قسەکانی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپاشی وەک هەڵمەتێکی درۆ و بڵاوکردنەوەی ناڕاستی ناوبرد.

رووبەڕووبوونەوەکە، وەک یەکێکە لە توندترین رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ دادەندرێت لە دوای جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ لە 2008.

لە پێناو هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان؛ سەدان سەربازی بەریتانیا وەک بەشێک لە ئەرکی ناتۆ لە ناوچەکە رەوانەی کۆسۆڤۆ کراون.

Fly Erbil Advertisment