ناسر کەنعانی: چاودێری جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی دەكەین
K24 – هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چاودێری جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران دەكەن، بەگوتەی ناسر كەنعانی شاندێکیان سەردانی عێراقی كردووە، بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆی لەسەر چۆنییەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە ئامادە بكات، دەشڵێت: لایەنی عێراقی پابەندی خۆی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەربڕیوە.
ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "سەبارەت بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی ئێرانی كردووە، لایەنی عێراقی و ھەرێمی كوردستان پابەندی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەڕبریوە، هەروەها شاندێكی ئێرانی سەردانی عێراقی كردووە، بۆ ئەوەی چاودێری چۆنییەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكات".
گوتیشی: "دوای راپۆرتی شاندەكەمان قسەی دیكەمان دەبێت، بەڵام لایەنی عێراقی دەڵێ: گرووپە چەكدارەكان لە سنوور دوورخراونەتەوەو بۆ قوڵایی خاكی عێراق گواستراونەتەوەو ئێمەش چاودێری دۆخەكە دەكەین".
لە 19ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتننامەیەکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژۆ کرا کە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، بە نوێنەرایەتی عێراق و عەلی شەمخانی سکرتێری گشتیی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە نوێنەرایەتیی ئێران واژۆیان کرد. دوو خاڵی نێو رێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتن بە چەککردنی لایەنە دژبەرەکانی ئێران، ھەروەھا کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
رۆژی 19ی مانگی ئەیلوولی 2023، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنی ھاوبەشی عێراق و ئێران رایگەیاند، کە بارەگاکانی حزبە دژبەرەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران چۆڵ کراون و ھێزی پاسەوانی سنووری عێراق لەو ناوچانە جێگیرکراون.