مار بندکتۆس: داوای ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی رووداوەکەی حەمدانییە دەکەین کەچی بە 'فیتنە' ناومان دەبەن

K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ رایدەگەیەنێت، هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق، بە 'فیتنە' ناویان دەبەن بەهۆی ئەوەی داوای ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی رووداوەکانی حەمدانییەیان کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، مار بندکتۆس یۆنان، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوای ئەوەی دوێنێ داوای ئاشکراکردنی ڕاستییەکانمان لەبارەی رووداوەکەی حەمدانییە کرد؛ هەندێک لایەنی سیاسی ئێمەیان بە 'فیتنە' نابردووە. شتێکی سەیرە، داوای ماف و خوێنی شەهیدەکانت بکەیت کەچی بە 'فیتنە' ناوت ببەن".
لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە دژی ئەنجامی راگەیەندراوی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی حەمدانییە، مار بندکتۆس یۆنان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر خۆپیشاندان بکەن، دەچێتە چوارچێوەیەکی دیکەوە، بۆیە دەرفەت دەدەنە دادگا بە وردی و بەبێ فشار، لێکۆڵینەوەیەکی "ورد، یاسایی و ئازادانە" لەسەر رووداوەکە بکەن و ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی رابگەینن.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، لیوا سەعد فالح، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانییە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رووداوەکە بەمەبەست نەبووە و بەهۆی یارییە ئاگرینەکان و ئەو کەرەستانەوە بووە کە لە رازاندنەوەی هۆڵەکەدا بەکارهاتووە.
درەنگانی شهوی (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵی (الهیثم)ـی قەزای حەمدانییەی سەر بە نەینەوا، کە تایبەتە بە بۆنە و ئاهەنگەکان، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری ئاگرکەوتەوە و بههۆیهوه لانیکەم 110 كهس گیانیان لهدهستدا و دەیان كهسی دیکەش بریندارن. بەشێک لە بریندارانی رووداوەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون.