رەعد دەهەلەکی: هەفتەی داهاتوو سزای لەسێدارەدان بۆ 100 کەس لە عێراق دەردەکرێت

رەعد دەهەلەکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
رەعد دەهەلەکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – بەغدا:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، سەرۆک کۆماری عێراق بەردەوامە لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و لەماوەی هەفتەی رابردوودا بە مەرسوومی کۆماری سزای لەسێدارەدان بۆ 70 کەس دەرچووە و بڕیارە هەفتەی داهاتووش سزای لەسێدارەدان بۆ 100 کەسی دیکە دەربچێت.

رەعد دەهەلەکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "تووشی شۆک بووین لەم کاتەدا چونکە سەرۆک کۆماری عێراق بە مەرسوومی کۆماری سزای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی دەرکردووە، لە نووسراوی یەکەم زیاتر لە 20 کەس و لە دووەم زیاتر لە 50 کەس و هەفتەی داهاتووش سزای لەسێدارەدان بۆ 100 کەسی دیکە  دەردەچێت".

دەرچوونی سزای لەسێدارەدان لەکاتێکدایە کە سوونەکان دەیانەوێت پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی بخەنە دانیشتنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بەڵام فراکسیۆنە شیعییەکان دەڵێن، نابێت سزای لەسێدارەدان، تیرۆر و ئەو کەسانە بگرێتەوە کە هاوکاری داعش بوونە.

لەلای خۆیەوە، موعین کازمی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کوردستان24ـی گوت: "یاسای لێبوردنی گشتی لەبەرنامەی پێکهێنانی حکومەت هەبووە و لایەنەکان رازی بوون لەسەری بەمەرجی ئەوەی ئەو کەسانە نەگرێتەوە کە دەستیان بەخوێنی عێراقییەکان سوورە و هاوکاری داعش بوون".

لیژنەی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتا رەشنووسی یاسای لێبوردنی گشتی ئامادەکردووە و هانگاوی دواتر دەبێت بخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تاوەکو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.