پارێزگاری نه‌ینه‌وا داوای دوورخستنه‌وه‌ی ره‌یان كلدانی و براكه‌ی له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا ده‌كات

نه‌جم جبووری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا
نه‌جم جبووری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا

K24 – هەولێر:

پارێزگاری نه‌ینه‌وا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات تاوه‌كو لیوای 50ـی حه‌شدی سه‌ر به‌ ئه‌سوان كلدانی نه‌چووه‌ته‌ ناوچه‌ی حه‌مدانییه‌، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادا نه‌بوو، ده‌شڵێت ئێستا ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن پۆسته‌كانی قه‌زاكه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاربهێنن.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 2ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) نه‌جم جبووری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا به‌ میدیا عێراقییه‌كانی رایگه‌یاند، حه‌مدانییه‌ پێشتر بارودۆخێكی ئاسایی هه‌بوو و كێشه‌ی تێدا نه‌بوو، به‌ڵام لیوای 50ـی حه‌شد و ئه‌وانی دیكه‌یان هێنایه‌ ناوچه‌كه‌، كه‌ حه‌مدانییه‌ پێویستی پێیان نییه‌ و به‌ هاتنی ئه‌و لیوایه‌ ئاژاوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ دروست بووه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌سوان كلدانی هاتووه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ده‌ركردنی ڕۆڵه‌كانی حه‌مدانییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌یان. گوتیشی، ئه‌وان وه‌كوو پارێزگاری نه‌ینه‌وا پێشتر ره‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌سوان كلدانی هێز بهێنێته‌ ناوچه‌كه‌، به‌وپێیه‌ی به‌ریه‌كه‌وتن له‌ ناوچه‌كه‌ رووده‌دات به‌تایبه‌ت له‌نێوان ئه‌سوان و پیاوانی ئایینی و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌. روونیشیكرده‌وه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و قسه‌یه‌ی چه‌ند جارێك سوپا ده‌ستوه‌ردانی كردووه‌ و هه‌وڵه‌كانی تێكدانی ناوچه‌كه‌ و ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ی كۆتاییپێهێناوه‌.

جبووری له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی باسی له‌وه‌ كرد، هێزه‌كانی لیوای 50ـی حه‌شد ته‌نانه‌ت گێچه‌ڵ به‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن و شه‌ڕیان پێ ده‌فرۆشن و خۆیان له‌ سه‌رووی پۆلیس و سوپا و هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌بینن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش جبووری داوای له‌ حه‌شد كرد هێزه‌كانی ئه‌سوان كلدانی له‌ حه‌مدانییه‌ و ته‌لكێف ده‌ربكات.

پارێزگاری نه‌ینه‌وا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ره‌یان كلدانی و ئه‌سوان كلدانی برای هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباره‌ ئیدارییه‌كانی نه‌ینه‌وا بكه‌ن و كه‌سانی سه‌ر به‌ خۆیان بخه‌نه‌ ناو داموده‌زگاكان، ته‌نانه‌ت هه‌وڵی وه‌رگرتنی پۆستی قایمقامیه‌تی قه‌زای حه‌مدانییه‌ ده‌ده‌ن، چونكه‌ قائیمقام له‌ خه‌ڵك و پیاوانی ئایینی ره‌سه‌نی قه‌زاكه‌ نزیكه‌.