عێراق.. 24 كەس بە تۆمەتی بانگەشە بۆ حزبی بەعس دەستگیركران

دیمه‌نێكی به‌غدا
دیمه‌نێكی به‌غدا

K24- هه‌ولێر:

ئاسایشی نیشتمانی عێراق 24 كەس بە تۆمەتی بانگەشە بۆ حزبی بەعس دەستگیردەکات.

لە راگەیەندراوێكدا دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، لە هەڵمەتێکی تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی، بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری و هەماهەنگی هاووڵاتیان، توانرا 13 کەس لە پارێزگای کەرکووک و 11 كەسی دیكەش لە پارێزگاكانی بەغدا، ئەنبار، كەربەلا و نەینەوا بە تۆمەتی پەیوەندی و بڵاوکردنەوەی چالاکی حزبی بەعس دەستگیربكەن.

ئاماژە بەوەشدراوە، تۆمەتباران بەپێی ماددەکانی قەدەغەکردنی حزبی بەعسی ژمارە 32ی ساڵی 2016 دەستگیركراون و رەوانەی لایەنی دادوەری کراون، تاکو رێکكاریی یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

به‌گوێره‌ی مادده‌ی حه‌وتی ده‌ستووری عێراق، هه‌ر كیان و پرۆگرامێك پاڵپشت و هانده‌ری ره‌گه‌زپه‌رستی و تیرۆر و ته‌كفیر و پاكتاوی تائیفی بێت، به‌تایبه‌تی حزبی به‌عسی سه‌دامی له‌ عێراق، له‌ژێر هه‌ر ناونیشانێكدا رێگه‌ پێنه‌دراوه‌و نابێت به‌هیچ ناوێك بخرێته‌ چوارچێوه‌ی فره‌یی سیاسی.

له‌ یاسای ریشه‌كێشكردنی به‌عسیشدا هاتووه‌، چالاكییه‌كییه‌كانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی حزبی به‌عس قه‌ده‌غه‌یه‌ جا له‌ژێر هه‌ر ناونیشانێكدا بێت و به‌هه‌ر رێگه‌ و هۆكارێكی راگه‌یاندنه‌وه‌ بێت.

حزبی بەعس، لە 7ی نیسانی ساڵی 1947 لە لایەن میشیل عەفلەقەوە دامەزراوە و دوو باڵی سەرەکی له‌ عێراق و سووریا ھەبوو و لە عێراقدا لە 8 شوباتی 1968 لە رێگەی کودەتای سەربازییەوە بۆ یەکەمجار حوکمی گرتۆتە دەست.

دروشمەکانی بەعس دروشمی شۆڤینی بوون و لە ماوەی حوکمڕانیدا بە ئاگر و ئاسن لە ھەوڵی سڕینەوە و پاکتاوکردنی ناسنامە و نەژادی نەتەوەکانی دیکە بەتایبەتی نه‌ته‌وه‌ی کوردی دابوون.

Fly Erbil Advertisment