پسپۆران مه‌ترسی وه‌ستانی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی واشنتن بۆ كیێڤ راده‌گه‌یه‌نن

K24 – هەولێر:

پسپۆران هۆشداری له‌ وه‌ستانی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی واشنتن بۆ كیێڤ ده‌ده‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن، ئه‌گه‌ر كۆمارییه‌كان (كه‌ پاڵپشتی دۆناڵد تره‌مپن) له‌و هه‌نگاوه‌دا سه‌ركه‌وتووبن، كێشه‌ی كه‌مبوونی چه‌ك و تفاق بۆ ئۆكرانییه‌كان دروست ده‌بێت.

تا ئێستا له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكی شه‌ڕی ئۆكرانیا له‌ 24ـی شوباتنی 2022، ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ به‌های 43 ملیار دۆلار هاوكاری سه‌ربازیی پێشكه‌ش به‌ ئۆكرانیا كردووه‌، كه‌ ده‌كاته‌ نیوه‌ی هه‌موو ئه‌و هاوكارییه‌ سه‌ربازییانه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ كیێڤ دابینیان كردووه‌.

مارك كانسیان گه‌وره‌ راوێژكاری ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی و نێوده‌وڵه‌تی له‌مباره‌یه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و كاره‌ بۆ ئۆكرانییه‌كان وێرانكه‌ره‌، ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان بوه‌ستێندرێت.

گوتیشی: "دواجار سوپای ئۆكرانیا لاواز ده‌بێت و پاشان ده‌ڕوخێت".  

كانسیان روونیشیكرده‌وه‌، به‌ درێژایی مێژوو، سوپاكان پێویستیان به‌ پاڵپشتی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئۆكرانیا بوه‌ستێندرێت، كه‌ ئه‌مه‌ دواجار كۆشكی سپی بڕیاری له‌باره‌وه‌ ده‌دات، كاریگه‌رییه‌كانی خێرا ده‌بن.

گوتیشی: "ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ رووبدات، دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی جه‌نگ ده‌بێت و رووسیا سوود له‌و بۆشاییه‌ وه‌رده‌گرێت، پێموایه‌ رووسه‌كان له‌ ئێستادا له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ زۆر ماندوون".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌وه‌، جه‌یمس بلاك یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵه‌ی توێژینه‌وه‌ی به‌رگری و ئاسایش له‌ ده‌زگای راند یوروپ رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر پێكهاته‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ڕی ئۆكرانیا لاببه‌ین، كاریگه‌ری و هێزی ئۆكرانیا كه‌مده‌بێته‌وه‌.

له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئۆكرانیا، ده‌یان وڵاتی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكا هاوكاری سه‌ربازییان پێشكه‌ش به‌ ئۆكرانیا كردووه‌، بلاك پێیوایه‌، ئه‌گه‌ر وا بڕوات هاریكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان ساڵان ده‌خایه‌نێت، بۆیه‌ كێشه‌ دروست ده‌كات.

له‌ ئێستادا كۆمارییه‌كان له‌ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا باڵاده‌ستن، كیڤن مه‌كارسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا (كۆنگرێس) كه‌ (هاوكاره‌ كۆمارییه‌كانی) هه‌وڵده‌ده‌ن هاوكاری سه‌ربازیی بۆ ئۆكرانیا ره‌تبكرێته‌وه‌، روونیكرده‌وه‌، "هه‌وڵده‌ده‌م چه‌ك بۆ ئۆكرانیا دابین بكه‌م".

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ لوید ئۆستن وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا داوایكرد رێز له‌ بڕیاری ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی هاریكاری سه‌ربازی بۆ ئۆكرانیا بگیرێت،چونكه‌ ئه‌وان (ئۆكرانییه‌كان) شه‌ڕ له‌ پێناو به‌رگریكردن له‌ وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.