سوپای ئێران مانۆڕێکی سەربازیی دەستپێکرد

K24 - هەولێر
سوپای ئێران لەسەر ئاستی رووبەرێکی بەرفراوان لە وڵاتەکەی مانۆڕێکی سەربازیی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستپێکرد.
حەبیبوڵڵا سەیاری جێگری هەماهەنگیکاری سوپای ئێران کە سەرپەرشتی مانۆڕەکە دەکات بە تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاندووە، مانۆڕی "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپا 1404" رۆژی سێشەممە دەستیپێکردووە و دوو رۆژ دەخایەنێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، مانۆڕەکە ناوچەی کەنداو و بەشێکی زۆر لە رووبەری وڵاتەکەیان دەگرێتەوە و راشیگەیاندووە: "لەم مانۆڕەدا ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپا و بەکارهێنانی لە دۆخی سەخت تاقی دەکرێنەوە.
بەگوتەی سەیاری، لە مانۆڕەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی چاودێری، دەستنیشانکردن و جەنگی ئەلیکترۆنی و ناوچەکانی پێکدادان دەکرێت.
ئەو فەرماندە ئێرانییە جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە چەندین جۆری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەم مانۆڕەدا بەشدارییان پێکراوە.
لە میانی مانۆڕەکەدا سوپای ئێران پەردەی لەسەر جۆرێکی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لادەدات، کە لەم مانۆڕەدا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بە سەرکەوتوویی توانیویەتی جەنگی ئەلیکترۆنی بەڕێوە ببات و کێشە لە سیستەمی راداری بەرامبەر دروست بکات.