دوای گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر کەناڵێکی عێراقی داخرا

گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر لە بەردەم بارەگایەکی کەناڵی "بەغدادییە"
گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر لە بەردەم بارەگایەکی کەناڵی "بەغدادییە"

K24 - هەولێر

دوای گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر لە بەردەم بارەگایەکی کەناڵی "بەغدادییە"، کەناڵەکە بە فەرمانی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندیییەکانی عێراق داخرا.

ئێوارەی شەوی سێشەممە، 3ـی ئۆکتۆبەری 2023، ژمارەیەک لایەنگری سەدر لە بەردەم بارەگای کەناڵی "بەغدادییە" لە ناوچەی "وەزیرییە"ـی بەغدا گردبوونەوە.

گردبووەنەوەکە دوای ئەوە هات، کە وەکو لایەنگرانی سەدر باسی دەکەن؛ عەلی زەبحاوی، پێشکێشکای بەرنامەی "ستۆدیۆی نۆ" کە لە کەناڵەکە پێشکەش دەکرێت، لە یەکێک لە ئەڵقەکانی بەرنامەکەی بە "خراپی" باسی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری کردووە، بۆیە داوایان لە ناوبراو دەکرد، داوای لێبووردن لە سەدر بکات.

دوای گردبوونەوەکەی لایەنگرانی سەدر، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندیییەکانی عێراق کارمەندێکی خۆی بە یاوەری هێزە ئەمنییەکان نارد بۆ داخستنی هەردوو بارەگای کەناڵی "بەغدادییە" لە ناوچەکانی (وەزیرییە و شەقامی ئەبو نەواس) لە ناوەڕاستی شاری بەغدا.

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندیییەکانی عێراق هۆکاری داخستنی کەناڵی بەغدادییەی بۆ "پێشێلکردنی مەرجەکانی پەخش و نەبوونی رەزامەندی ئەمنی" گەڕاندووەتەوە و باسی لە گردبوونەوەکەی لایەنگرانی سەدر و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی پێشکەشکاری کەناڵەکە کراون، نەکردووە.

پێشتریش لە راگەیاندراوێکدا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاندبوو، بەباشی دەزانێت چالاکییەکانی رەوتەکەی جگە لە نوێژی هەینی و دەستەی کولتووری، بۆ ماوەیەک هەڵپەسێرێت کە کەمتر نەبێت لە ساڵێک، بۆ دەرخستنی بێتاوانی خۆی لەبەردەم خودا و دوومیش لەبەردەم باوکیدا.

 

گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر لە بەردەم بارەگایەکی کەناڵی
گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر لە بەردەم بارەگایەکی کەناڵی "بەغدادییە"

 

گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر لە بەردەم بارەگایەکی کەناڵی
گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر لە بەردەم بارەگایەکی کەناڵی "بەغدادییە"

 

گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر لە بەردەم بارەگایەکی کەناڵی
گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدر لە بەردەم بارەگایەکی کەناڵی "بەغدادییە"

 

Fly Erbil Advertisment