وەزیری بەرگریی رووسیا: پلانمان نییە هێزی زیاتر بۆ جەنگی ئۆکرانیا ئامادەبکەین

سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا
سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگریی رووسیا رەتیدەکاتەوە هیچ پلانێکیان هەبێت بۆ کۆکردنەوە و ئامادەکردنی هێزی نوێ بۆ جەنگی ئۆکرانیا و ئاشکرایشی کرد کە لەسەری ساڵەوە 335 هەزار سەربازی گرێبەست و خۆبەش بۆ سوپا زیادکراون.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، رۆژی سێشەممە، 3ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە دیوانی وەزارەتی بەرگریی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکەی کۆبووەتەوە و لەبارەی جەنگی ئۆکرانیاوە زانیاری پێ داون.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری بەرگریی رووسیا بۆ بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ڕوونیکردووەتەوە،  "ئاستی بەرزی توانای سوپای وڵاتەکەی لە جەنگدا بووەتە هۆی لاوازکردنی سوپای ئوکرانیا و لەبارەی بەرەکانی شەڕەوە زانیاری پێ بەخشین".

شۆیگو ھەروەھا لەبارەی دۆخی قەرەباغ قسەی کرد و رایگەیاند، "ھێزەکانی رووسیا لە کاتی پێکدادانەکانیشدا وەک ھێزێکی ئاشتیپارێز بەردەوام بوون لەسەر ئەرکەکانیان" و گوتيشی: "لایەنەکانی شەڕ بە نێوەندگیری ھێزی ئاشتیپارێزی رووسیا لەسەر ئاگربەستێکی یەکجاری کۆبوونەوە".

شۆیگو وێڕای ئاماژەدان بە ماوەی بانگهێشتکردن ئەرکی سەربازیی لە رووسیا کە لە 1ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە، ڕایگەیاند، ئەمە بە پێی پلان و لەسەر بنەمای یاسا جێبەجێ دەکرێت.

وەزیری بەرگریی رووسیا ڕاشیگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی وڵاتەکەی ڤلادیمیر پوتن، لەم ماوەیەدا 130 هەزار سەربازیی زۆرەملێ دەخرێنە خزمەتی سوپاوە. گوتیشی: "ئەو کەسانەی کە تازە وەردەگیرێن ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ ناکرێن. سەرۆکایەتی ئەرکان هیچ پلانێکی نییە وەک هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی سەرباز بەمەبەستی ڕەوانە کردنیان بۆ بەرەکانی جەنگ".

بە گوتەی وەزیری بەرگریی رووسیا، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 335 هەزار کەس بە شێوەی گرێبەست یان خۆبەخشانە بۆ خزمەتی سەربازیی وەرگیراون" و ڕاشیگەیاند کە تەنها لە مانگی ئەیلوولدا زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی گرێبەستیان واژوو کردووە.

سێرگی شویگو ڕوونیشیکردەوە کە یەکەیەکی تایبەتی سەربازییان لە چیچانییەکان پێکهێناوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە جەنگی ئۆکرانیا و ئاماژەی بەوەشدا کە زیاتر لە 14 هەزار و 500 کەس لە زانکۆی هێزە تایبەتەکانی رووسیا لە گودێرمەسی چیچان مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ کراون.

Fly Erbil Advertisment